Accessibility links

ئەردۆغان هەڕەشەی بڕینی سوودە ئابوریـیەکانی وڵاتەکەی لە ڕووسیا دەکات


سەرۆکی تورکیا هۆشداری داوەتە ڕووسیا و دەڵێت وڵاتەکەی ئەڵتەرناتیڤی دیکەی لە بری ڕووسیا هەیە بۆ بونیادنانی یەکەم دەزگای ناوکی خۆی و هەروەها سەرچاوەی دیکەشی هەیە بۆ هاوردەکردنی گازی سروشتی.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی پـێـنجشەممە لە ڕێگەیدا بۆ ژاپـۆن بە پەیامنێرانی گوت "ئەگەربێت و ڕووسیا پەیوەندی خۆی لەگەڵ تورکیا لەدەسـتبدات، ئەوا زیانی گەورەی پـێ دەکەوێت و وڵاتی دیکە دەزگای ناوکی Akkuyu دروستدەکات، نەک ڕووسیا."

باسی لەوەش کرد ڕووسیا هەتا ئێسـتا 3 ملیار دۆلاری لەو پـرۆژەیەدا داناوە، بۆیە دەبێت لەم دۆخە زیاتر بە ژیرانە مامەڵە بکات.

جێی ئاماژەیە ڕووسیا ئەم دەزگا ناوکیـیەی تورکیا بونیادەنێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا. بەهای پـرۆژەکە 20 ملیار دۆلارە و دەکەوێتە باشوری تورکیا لەسەر دەریای ناوەڕاست.

گوتیشی تورکیا کڕیاری ژمارە یەکی گازی سروشتی ڕووسیایە، بەڵام دەتوانێت لە زۆر شوێنی دیکە ئەو گازە سروشتیـیە هاوردە بکات.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەردۆغان گوتی " ئێمە بە داخین ڕووسیا بە شێوەیەک ڕەفتار دەکات کە ڕەنگە بـبێتە مایەی لەدەسـتدانی بەرژەوەندیـیە ئابوریـیەکانی لە تورکیا.

XS
SM
MD
LG