Accessibility links

ئۆغڵو: نە من و نە هیچ سەرۆک وەزیرێکی تورکیا داوای لێبوردن لە ڕووسیا ناکات


سەرۆک وەزیری تورکیا دەڵێت نە خۆی و نە هیچ سەرۆک وەزیرێکی وڵاتەکەی یان سەرۆک یان چ دەسەڵاتدارێکی دیکەی تورکیا داوای لێبوردن لە ڕووسیا ناکات لە بەرامبەر خستنی فڕۆکەکە.

ئەحمەد داوود ئۆغڵو ڕۆژی دووشەممە ئەمەی ڕاگەیاند پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ یەنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ لە برۆکسل. هاوکات داوای لە ڕووسیا کرد ئەو سزایانە هەڵبوەشێنێتەوە کە لە ئاکامی ڕووداوەکە بەسەر تورکیای سەپاندووە. گوتیشی تورکیا نیازی نیـیە وەکو کاردانەوەیەک سزا بەسەر ڕووسیا بسەپێنێت.

پاشان گوتی " هیچ وڵاتێـک بۆی نیـیە داوامان لێبکات داوای لێبوردن بکەین" ، جەختی لەوە کرد لەشکری تورکیا بە ئەرکی نیشتیمانی خۆی هەستاوە بە پاراستنی سنوورەکانی تورکیا.

ئاگاهیشی دا کە شیانی هەیە ئەم جۆرە ڕووداوانە دووبارە ببنەوە ئەگەر بێت و هەروا ڕووسیا و هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بە جودا لە سوریا شەڕی تێرۆر بکەن.

یەنس ستۆڵتنبێرگ لای خۆیەوە گوتی تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لە زەوی و ئاسمانی خۆی بکات. گوتیشی ناتۆ هەردوو ڕۆژی 1 و 2 ی مانگی دوازدە لە برۆکسل کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پـێشـهاتەکانی پەیوەست بە مەسەلەی ئۆکرانیا و ڕەوشی سوریا و پـشـتگیرکردنی ناتۆ لە تورکیا و چۆنێتی پەیوەندیـیەکان لەگەڵ ڕووسیا.

لە لایەکی دیکەوە ئیگۆر کلیمۆڤ کاربەدەسـت لە هێزی ئاسمانی ڕووسیا گوتی بۆ یەکەم جارە فڕۆکەی جۆری سوخۆی 34 ی وڵاتەکەی موشەکی ئاسمان بۆ ئاسمانیان هەڵگرتووە لەو دەمەی بە ئاسمانی سوریادا فڕیون، ئەمەش تاوەکو بەرگری لە خۆیان بکەن. گوتیشی موشەکەکان توانیان هەیە لە دوری 60 کیلۆمەتر لە ئامانجەکانی خۆیان بدەن.

XS
SM
MD
LG