Accessibility links

تونس 8 کەس بە گومانی پەیوەندیـیان بە هێرشەکەی هەفتەی ڕابردوو دەسـتگیردەکات


کاربەدەسـتانی تونس دەڵێن 8 کەسیان دەسـتگیرکردووە کە یەکێـکیان ژنە، بە گومانی ئەوەی دەستیان لە هێرشە تێرۆرسـتیـیەکەی هەینی ڕابردوودا هەبووە، ئەوەی بەهۆیەوە 38 گەشتیاری بیانی کوژران.

کەمال ئەلجەندوبی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەستوری و کۆمەڵی سیڤیل لە تونس ڕۆژی پـێـنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی گومان دەکرێت ئەو هەشتە کەسە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەو هێرشەوە هەبووبێت کە داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لێ ڕاگەیاندووە.

هەفتەی ڕابردوو گەنجێـکی تونس بە ناوی سیفەدین ڕزقی کە تەمەنی 23 سـاڵ بوو، هێرشی کردەوە سەر گەشتیاران لە شوێنی گەشتیاری سوسە لەسەر دەریا و ئەو کوشتنکاریەی ئەنجام دا، بەڵام دواتر لە لایەن هێزەکانی پـۆلیسەوە کوژرا.

لێکۆڵینەوەکان نیشـانیان داوە ناوبراو لە لیبیا مەشق و ڕاهێنانی پـێکرابوو لەگەڵ ئەو دوو تونسیـیەی کە لە مانگی سێدا هێرشیان کردە سەر مۆزەخانەی باردۆ.

هێرشکردنە سەر کەرتی گەشتوگوزاری لە تونس زیانێـکی گەورە بە ئابوری ئەو وڵاتە دەگات و سەرئەنجام باری ژیان و گوزەرانی خەڵکی تونس بەرەو خراپی دەبات.

XS
SM
MD
LG