Accessibility links

داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکەی تونس ڕاگەیاند


داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە تەقاندنەوەی پاسەکەی ڕۆژی سێشەممەی تونس ڕاگەیاند کە دەسەڵاتدارانی تونس دەڵێن تیایدا بە لایەنی کەم 12 پاسەوانی سەرۆکایەتی وڵاتەکە گیانیان لەدەسـتدا.

داعش لە بەیانـنامەیەکدا کە لەسەر ئنتەرنێت ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی یەکـێک لە چەکدارەکانی کە هێلەکی بۆمبڕێکراوی لەبەرکردبوو، توانیویەتی دزەبکاتە نێو پاسی پاسەوانانی سەرۆکایەتی و خۆی تەقاندووەتەوە و لە ئاکامدا نزیکەی 20 پاسەوان کوژراون و دەیانی دیکەیان برینداربوون.

وەزارەتی ناوخۆی تونس لە بەیانـنامەیەکدا گوتی پـێدەچێت جانتایەکی شان یان هێلەکێـکی بۆمبڕێژکراو بە 10 گیلۆگرام تەقەمەنی لە هێرشە تێرۆرستیـیەکە بەکارهاتبێت. باسی لەوەش کرد 12 پاسەوانی سەرۆکایەتی تیایدا کوژران، بەڵام تەرمێـکی دیکە بینراوەتەوە نازانرێت کێـیە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەو جۆرە ماددەی تەقینەوەیەی بەکارهاتبوو، پـێشـتر لە چەند هێلەکێـکی بۆمبڕێژکراو بینیویانە کە لە لیبیاوە هێنرابوون و دەسـتیان بەسەراگرتبوون.

ئەمەش سێیەمین هێرشی گەورەیە کە لە ماوەی ئەمساڵدا لە تونس ڕوویدابێت. مانگی شەش چەکدارێـک 38 گەشتیاری بیانی لە کەنار ئاوی یەکێـک لە هوتێلەکانی شاری سوسە کوشت. لە مانگی سێ چەند چەکدارێـک 21 گەشتیاریان لە مۆزەخانەیەکی پایتەخت کوشت.

لە کاردانەوە بەرامبەر هێرشەکە دەسەڵاتدارانی تونس بڕیاریان دا بۆ ماوەی 15 ڕۆژ سنووری خۆیان لەگەڵ لیبیا دابخەن. هەروەها ئەو ماڵپەڕ و فەیسبوک و تویتەرانە بلۆک بکەن کە پـرۆپاگەندە بۆ تێرۆر دەکەن.

XS
SM
MD
LG