Accessibility links

یەپەگە دەڵێت ئەوان تاکە هێزی لەشکرین لە سوریا کە بە ڕووی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کراوەبن


سەردانی شاندی ڕێـکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بۆ لای یەپەگە (ئەرشیف)
سەردانی شاندی ڕێـکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بۆ لای یەپەگە (ئەرشیف)

یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) وەڵامی ڕاپـۆرتەکەی هەفتەی ڕابردووی ڕێـکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ HRW دەداتەوە و دەڵێت ئەوان تاکە هێزن لە سوریا کە هەنگاویان ناوە بۆ ڕێگەگرتن لەوەی کەسانی خوار تەمەنی یاسایـیەوە بەشداری لە شەڕەکاندا بکەن.

هەفتەی ڕابردوو ڕێـکخراوی HRW لە ڕاپـۆرتێـکدا ڕەخنەی لە یەپەگە گرت بەوەی هێشـتا منداڵان لە نێو ڕیزەکانیدا هەیە سەرەڕای ئەوەی پـێشـتر بەڵێنیان پێ دابوون کۆتایی بەمە بهێنن.

یەپەگە لە بەیانـنامەکەیدا نکوڵی ناکات لەوەی کەسانی خوار هەژدە سـاڵ لە نێو هێزەکانیدا هەن و دەڵێت بە کردەوە هەنگاویان ناوە بۆ نەهێشتنی ئەو حاڵەتانە، ئەوەش بە لابردنیان لە هێزەکانیان یان کردنەوەی ناوەندی تایبەت بۆیان لە ناوچەی دور لە بەرەکانی شەڕ و تەنانەت سزادانی ئەو بەرپـرسانەی پـێشـێلکاری لەو ڕێکەوتنـنامانە دەکەن کە لەم بارەیەوە مۆریانکردوون.

پاشان یەپەگە جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەوان تاکە هێزی لەشکرین کە لەسەر خاکی سوریا دەرگایان واڵابێت بە ڕووی ڕێـکخراوەکانی مرۆیی و مافی مرۆڤ و ئامادەشبن بە ڕوون و ئاشکرایی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن لە پـێناو گەیشتن بە دۆخێـکی باشتر.

هەروەها دووپاتی دەکاتەوە ئەوان پابەندی ڕێکەوتنـنامەکان دەبن سەرەڕای ئەو ڕەوشە ناهەموارەی بەسەر ناوچەکانیاندا هاتووە لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیدارترین و خوێناویترین ڕێـکخراوی تێرۆرستی لە جیهاندا کە داعشە.

لە کۆتایـیدا یەپەگە دەڵێت ئەوان چاویان لە ڕێـیە کە جیهانی ئازاد دەسـتی یارمەتیـیان بۆ درێژبکات تاوەکو پـێـکەوە بتوانن دۆخێـکی تەندروست و گونجاو بهێنە دی بۆ نەهێشتنی ئەو کۆسپانەی لە بەردەم پـرنسیپەکانی ئازادی و دیموکراسیدا هەن.

XS
SM
MD
LG