داعش توانیویه‌تی شاری مێژوویی ته‌دمور له پارێزگای حومسی ناوه‌ڕاستی سوریا داگیربکات و به‌مه‌ش وه‌کو کۆمه‌ڵه‌ی سوریا بۆ چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ ده‌ڵێت ئه‌م گروپه توندڕه‌وه له ئێسـتادا نێوه‌ی خاکی سوریای کۆنترۆڵکردووه.
داعش پاش نزیکه‌ی هه‌فته‌یه‌ک له شه‌ڕی توند له دژی هێزه‌کانی حکومه‌تی سوریا، ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه به ته‌واوی شاری ته‌دمور و شوێنه‌واره مێژوویـیه‌که‌ی داگیرکرد.
دوێنێ چوارشه‌ممه ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی حکومه‌تی سوریا ڕایانگه‌یاند که‌وا هێزه‌کانی حکومه‌ت له‌و شاره کشاونه‌ته‌وه پاش ئه‌وه‌ی دانیشـتوانه‌که‌ی چۆڵیان کرد.
کۆمه‌ڵه‌ی سوریا که تۆڕێـکی گه‌وره‌ی چالاکوانانی له ناو وڵاته‌که هه‌یه ده‌ڵێت داعش جگه له شاری ته‌دمور و شوێنه‌واره مێژوویـیه‌که، فڕۆکه‌خانه‌ی له‌شکری و باره‌گای هه‌واڵگری له‌شکری له‌گه‌ڵ به‌ندیخانه‌ی شاره‌که‌شی کونترۆڵکردووه.