سەرۆکی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا داوا لە ناتۆ دەکات پـشـتیوانی لە دامەزراندنی ناوچەیەکی دابڕاوی پارێزراو لە باکوری سوریا بکات.
خالید خۆجا ڕۆژی سێشەممە ئەم داوایەی کرد هاوکاتی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەندامانی ناتۆ لە برۆکسل لەسەر داوای تورکیا. ناوبراو دەڵێت دامەزراندنی ئەو ناوچەیە مسۆگەری دەکات خەڵکی سیڤیل لەو ناوچانە پارێزراو دەبن لە داعش و هێرشە ئاسمانیـیەکانی ڕژێمی ئەسەد.
لە ئێسـتادا کاربەدەسـتانی ئەمەریکا و تورکیا لە وتووێژدان بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن لەسەر چۆنێتی دامەزراندنی ئەو ناوچەیە کە چاوەڕواندەکرێت لە داعش پاکبکرێتەوە و پاشان بـبێتە شوێنێـکی سەلامەت بۆ ئاوارەکانی سوریا.
خۆجا دەڵێت دامەزراندنی ناوچەیەکی لەو جۆرە دەبێتە یەکەم هەنگاوی گرنگ بۆ سوریـیەکان.