Accessibility links

فەرماندەیەکی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا: هێزەکانی حکومەت بە تەواوی گەمارۆی ناوچەکانی باکوری حەلەبیان داوە


فەرماندەی گروپـێـکی چەکداری ئۆپـۆزسیۆنی سوریا کە ئەمەریکا پـشـتگیری دەکات دەڵێت هێزەکانی حکومەتی سوریا لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکانی بە تەواوی گەمارۆی ناوچە گوندنشینەکانی باکوری حەلەبیان داوە، وە بۆردومانی فڕۆکەی ڕووسیایـیش بەردەوامە.

حەسەن حاج عەلی فەرماندەی لیوای سقور ئەلجەبەل‌ی سەر بە لەشکری سوریای ئازاد، ئەوەی لە لایەن ئەمەریکاوە مەشق و ڕاهێنانی لەشکری پـێکراوە لە قەتەر و عەرەبسـتانی سعودیـیە، ئەمڕۆ هەینی ئەمەی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ڕاگەیاند و گوتی ڕژێمی ئەسەد بەردەوامە لە کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەی زیاتر و لە ئێسـتادا ڕەوشی مرۆیی زۆر خراپ بووە.

گوتیشی بۆردومانی فڕۆکەکانی ڕووسیا شەو و ڕۆژ بەردەوامن و لە ڕۆژێـکدا زیاتر لە 250 هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر ناوچەکە.

پاشان داوای لە وڵاتان کرد پشـتگیری هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن بکەن و یارمەتی لەشکری زیاتریان پـێشکەش بکەن، وەکو موشەکی دژە فڕۆکە.

جێی ئاماژەیە لەشکری سوریا و هێزە هاوپەیمانەکانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەڵمەتێـکی گەورەی فراوانیان بۆ ناوچەکانی باکوری حەلەب دەسـتپـێکردووە و چەندان ناوچەیان لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن دەرهێناوەتەوە و هەروەها گەمارۆی سەر شارۆچکەی نوبەل و گوندی زەهرای زۆرینە شیعەیان شکاندووە کە بۆ نزیکەی 3 سـاڵ بوو لە ژێر گەمارۆی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆندا بوون. هەروەها هەڵمەتەکە وەهای کردووە گرفت دروستبن لە بەردەم گەیاندنی پـێداویستیـیەکانی ئۆپـۆزسیۆن لە تورکیاوە بۆ حەلەب.

XS
SM
MD
LG