Accessibility links

داعش پەیکەرێـکی گەورەی مێژوویی لە تەدموری سوریا تێـکدەشکێنێت


بەڕێوەبەری ئاسەواری مێژوویی و مۆزەخانەکان لە سوریا دەڵێت داعش پەیکەرێـکی گەورەی مێژوویی لە باخچەی مۆزخانەی شاری تەدمور لە ناوەڕاستی سوریا تێـکشکاندووە.

مەئمون عەبدولکەریم ڕۆژی پـێـنجشەممە گوتی پەیکەری "ئەسەد ئەللات" کە پەیکەری شێرێکە و بەرزایـیەکەی 3 مەترە و مەزەندە دەکرێت نزیکەی 15 تۆن قورسیـیەکەی بێت، بە دەستی چەکدارانی داعش تێـکشکێنراوە. گوتیشی ئەمە گەورەترین تاوانی داعشە لە بەرامبەر ئاسەوارەکانی تەدمور کە هەتا ئێسـتا ئەنجامی داوە.

پاشان گوتی " پـێشتر سەری پەیکەرەکەمان بە پلێتی ئاسن داپـۆشی و چواردەوریمان بە کیسە لم گرت هەتا بەر بۆردومان نەکەوێت، بەڵام پێشبینیمان نەدەکرد داعش شارەکە داگیربکات و وێرانی بکات."

داعش لای خۆیەوە ڕۆژی پـێـنجشەممە ڕایگەیاند ژمارەیەک پەیکەری مێژوویی شکاندووە کە لە شاری تەدمور بە قاچاغی برابوون و قاچاغچیـیەکانیشی سزا داوە.

جێی ئاماژەیە ئەو پەیکەری شێرە کە بە عەرەبی ناوەکەی " أسد اللات" بوو، سـاڵی 1977 دۆزرابۆوە و مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ سەدەی یەکەم پـێش زایـین.

XS
SM
MD
LG