Accessibility links

چوار ڕێکخراوی تونس خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی وەردەگرن


خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی سـاڵی 2015 پەخشرایە چوار ڕێـکخراوی تونس کە ڕۆڵێـکی گەورەیان بینیبوو لە وتووێژی نیشـتیمانی لە وڵاتەکەیان و بەشداریـیان کردبوو لە دامەزراندنی دیموکراسـیـیەکی فرە لایەنە لە پاش شۆڕشی یاسەمینی تونس لە سـاڵی 2011 .

کۆمیتەی خەڵاتی نۆبڵ ڕۆژی هەینی ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی خەڵاتەکە بۆ چوار ڕێکخراو دەبێت نەک بۆ تاکە کەسێک، ئەوانیش یەکێتی گشتی تونس بۆ کار، یەکێتی تونس بۆ پـیشەسازی و بازرگانی و دەستەی نیشـتیمانی پارێزەرانی تونس و کۆڕبەندی تونس بۆ داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ.

ئەم چوار ڕێکخراوە لە سـاڵی 2013 پـێـکەوە ناوبژیوانیـیان لە نێوان لایەنەکان کرد، لەو دەمەی گواستنەوە بەرەو دیموکراسی لە وڵاتەکەیاندا ڕووبەڕووی مەترسی بووەوە لە ئاکامی تیرۆرکردنی کەسایەتیـیە سیاسیـیەکان و گرژی نێو کۆمەڵگا کە بە شێوەیەکی بەرفراوان تونسی گرتەوە.

سەرئەنجام توانیان سیستەمێـکی حوکمڕانی دەستوری لە تونس بهێنـنە دی کە تیایدا مافە سەرەکیـیەکانی هەموو هاوڵاتیـیەک پارێزراوبێت بەبێ دانانی هیچ مەرجێـک بۆ بیروباوەڕی سیاسی یان ئاینی.

ئەلباجی ئەلسەبسی سەرۆکی تونس خۆشحاڵی خۆی بەم خەڵاتە دەربڕی و گوتی ئەمە دەبێتە هۆکارێـکی دیکە بۆ چەسپاندنی بنەمای سـازانی سیاسی کە وڵاتەکەی لەسەر ڕۆیشتووە. گوتیشی وڵاتەکە جگە لە دیالۆک هیچ ڕێگەیەکی دیکە نیـیە بیگرێتەبەر.

جێی ئاماژەیە لە هەموو ئەو وڵاتانەی بەهاری عەرەبی گرتنێوە، تەنها تونس هەتا ئێسـتا سەقامگیری سیاسی تیایدا هاتووەتە دی.

XS
SM
MD
LG