Accessibility links

ناتۆ بە پەلە کۆمەڵێـک کەشتی ڕەوانەی دەریای ئیجە دەکات بۆ ڕێگەگرتن لە کۆچبەری نایاسایی


ناتۆ دەڵێت لەسەر داوای ئەڵمانیا و یۆنان و تورکیا بۆ ڕێگەگرتن لە کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ئیجە هاوپەیمانێتیەکەیان بەبێ دواکەوتن کۆمەڵێـک کەشتی ڕەوانەی دەریای ئیجە دەکات.

یەنس ستۆلتنبێرگ سکرتێری ناتۆ ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە پاش بەدەسـتهێنانی پشـتیوانی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بۆ ئەم کارە بە ڕۆژنامەوانانی گوت ناتۆ دەسـتبەجێ کۆمەڵێـک کەشتی ڕەوانەی ئیجە دەکات تاوەکو دەسـتبکەن بە کاری چاودێری.

گوتیشی ئەم قەیرانی کۆچکردنە کە لە ئاکامی ئەو شەڕ و نائارامیـیانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکایە، بێ وێنە لەوەتای شەڕی دووەمی جیهانیـیەوە و بووەتە هەڕەشەیەکی سەرەکی بۆ سەر ئاسایشی هەر 28 وڵاتی ئەندامی ناتۆ.

جەختی لەوەش کرد ئەم هەنگاوە بۆ ڕاگرتن و گەڕاندنەوەی پەنابەران نیـیە، بەڵکو بۆ ڕێگەگرتنە لە تۆڕەکانی تاوانکاری ئەوانەی بازرگانی بە ژیانی خەڵکی دەکەن.

لە ئێسـتادا ناتۆ 3 کەشتی هێزەکانی دەریایی کە لە ژێر فەرماندەیەتی ئەڵمانیایە دەتوانێت کارەکانی دیدەوانی و چاودێری لە دەریای ئیجە ئەنجام بدات.

جێی ئاماژەیە هەر لە مانگی یەکدا زیاتر لە 70 هەزار کۆچبەر ئەم ڕێگە مەترسیدارەیان گرتەبەر و بە دەیانیان تیایدا خنکان. پـێشبینی دەکرێت بە سەدان هەزار کۆچبەری دیکەش هەمان ڕێگەبگرنەبەر بەهۆی بەردەوامبوونی قەیرانە جۆراوجۆرەکانی نێو وڵاتانی ناوچەکە.

XS
SM
MD
LG