Accessibility links

کاربەدەسـتێـکی نێودەوڵەتی: داعش زیاتر لە 200 کیلۆمەتری کەنارەکانی لیبیای کۆنترۆڵکردووە


بێرناردینۆ لیۆن، نێردراوی تایبەتی نێودەوڵەتی بۆ لیبیا
بێرناردینۆ لیۆن، نێردراوی تایبەتی نێودەوڵەتی بۆ لیبیا

نێردراوی تایبەتی نێودەوڵەتی بۆ لیبیا ئاگاهی داوە لە مەترسیـیەکانی بەهێزبوونی داعش لەو وڵاتە و دەڵێت پـێویستە لیبیایـیەکان پـێکەوە کاربکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گروپە توندڕەوە.

بێرناردینۆ لیۆن ڕۆژی چوارشەممە لە دانیشتنێـکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی داعش لە ئێسـتادا لە دەوروبەری شاری سرت کۆنترۆڵی زیاتر لە 200 کیلۆمەتری کەنارەکانی لیبیای کردووە.

گوتیشی تاکە ڕێگەیەک هەیە لیبیایـیەکان بیگرنەبەر بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان بە هەمان چارەنووسی سوریا و عێراق نەگات، ئەویش بە سەرکەوتووانە لەو وتووێژەکانی ئێسـتایاندا بێنە دەرێ و حکومەتی هاوبەندی نیشـتیمانی پـێـکبهێنن.

هاوکات لە دانیشتنەکەدا ئیبراهیم ئەلدەباشی باڵیۆزی لیبیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد بە هۆی قایل نەبوونی بە لابردنی قەدەغەی سەر هەناردەکردنی چەک بۆ حکومەتەکەی.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد مەترسیـیەکانی قاعیدە لە لیبیا زۆر لە داعش زیاترە، چونکە چەندان گروپ هەن کە پەیوەندیـیان پـێوەی هەیە و لە نێو وڵاتەکە بڵاوبوونەتەوە، بەڵام داعش تەنها لە ناوچەیەکی دیاریکراودا هەیە.

XS
SM
MD
LG