Accessibility links

وەزیری دارایی یۆنان دەستی لەکارکێشایەوە


وەزیری دارایی یۆنان دەسـت لەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، پاش ئەوەی زیاتر لە 61% ی یۆنانیـیەکان ڕۆژی یەکشەممە لە ڕیفراندۆمێـکدا پلانەکەی ئەوروپا و سندوقی دراوی نێودەوڵەتیـیان ڕەتکردەوە.

یانیس ڤارۆفاکیس ڕۆژی دووشەممە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی بڕیارەکەی پاش ئەوە داوە کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ناوچەی یورۆ پـێیان گوتووە ئیدی لە کۆبوونەوەکانی وەزیرانی دارایی پـێشوازی لێناکەن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد سەرۆک وەزیری وڵاتەکەی ئلێکس تسیپراس پـێیوایە دەسـت لەکارکێشانەوەکەی لەوانەیە یارمەتی حکومەتی یۆنان بدات لەوەی بە ڕێکەوتنێـک بگات لەسەر ڕێگەچارەیەک بۆ کۆتایی‌هێنان بەو قەیرانە دارایـیەی تێی کەوتوون.

لە لایەکی دیکەوە خانم کرستین لاگارد بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی گوتی چاودێری ڕەوشەکەی یۆنان دەکات لە پاش دەرکەوتنی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە. گوتیشی ئامادەن یارمەتی یۆنان بدەن ئەگەر بێت و داوایان لێبکرێت.

هاوکات ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و فڕانسوا ئۆلاند لە دوو بەیانـنامەی جودادا داوایانکرد ڕێبەرانی ناوچەی یورۆ کۆبوونەوەیەک سـازبکەن بۆ تاوتوێکردنی قەیرانە دارایـیەکەی یۆنان. گوتوشیانە دەبێت ڕێز لە دەنگی خەڵکی یۆنان بگیرێت.

جێی ئاماژەیە پـلانی وڵاتانی ئەوروپا بۆ دانی قەرز بە یۆنان ئەوە بوو حکومەتی یۆنان خەرجیـیەکانی کەم بکاتەوە، لەوانە موچەی خەڵکیش کەم بکاتەوە، ئەمەش دەبووە بارگرانی بۆ سەر زۆربەی خەڵکی.

XS
SM
MD
LG