تۆڕی گەورەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دەڵێت لەم هەفتەیە حاڵەتێـکی بێ وێنە لە تۆڕەکەیان ڕوویداوە، ئەویش یەک ملیار کەس لە یەک ڕۆژدا فەیسبوکیان بەکارهێناوە.
مارک زوكهربێرگ خاوەن و بەڕێوەبەری فەیسبوک ڕۆژی پـێنجشەممە لەسەر فەیسبوکەکەی خۆی ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی شانازی بەو ئەنجامە دەکات کە پـێی گەیشتوون.
لە درێژەی نووسینەکەیدا مارک زوكهربێرگ دەڵێت ڕۆژی دووشەممە 1 لە کۆی 7 کەس لەسەر زەوی فەیسبوکی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە هاوڕێ و کەسوکاریان بکەن، ئەمەش یەکەم جارە ئەم حاڵەتە ڕووبدات کە سەرەتایەکە بۆ بەستنی تەواوی جیهان پـێکەوە.
گوتیشی "جیهانێـکی زیاتر کراوە و بە یەک بەستراو، جیهانێکی باشتر دەبێت. وەها دەکات پەیوەندیـیەکانت لەگەڵ ئەوانەی خۆشت دەوێن پـتەوتربن، ئابوریـیەکی بەهێز و هەلی کاری زیاتر هەبن، کۆمەڵگایەکی بەهێز کە ڕەنگدانەوەی هەموو بەهاکانمان بێت."
شایەنی باسە فەیسبوک لە ئێسـتادا گەورەترین تۆڕی پەیوەندی کۆمەڵایەتیـیە و مانگانە نزیکەی 1.5 ملیار کەس بەکاریدەهێنن. سـاڵی 2004 لە لایەن مارک زوكهربێرگ دامەزرێنراوە لەو دەمەی لە زانکۆی هارڤەرد خوێندکاربووە.