Accessibility links

حکومەتی کەنەدا هێرشە ئاسمانیـیەکانی دژی داعش ڕادەگرێت


هارجیت ساجان وەزیر بەرگری کەنەدا
هارجیت ساجان وەزیر بەرگری کەنەدا

حکومەتی کەنەدا ڕایگەیاند هێرشە ئاسمانیـیەکانی لە دژی داعش ئەوانەی لە عێراق و سوریا ئەنجامیان دەدات ڕایاندەگرێت و لە 22 ی ئەم مانگی دووەوە هەر شەش فڕۆکە جەنگیـیەکەی کە بۆردومانەکان ئەنجام دەدن دەگڕێنەوە بۆ وڵات.

هارجیت ساجان وەزیری بەرگری کەنەدا ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ جەستن ترودو سەرۆک وەزیری کەنەدا و ژمارەیەک کاربەدەسـتی دیکەی باڵا ئەمەی ڕاگەیاند، بەڵام گوتی لە بەرامبەردا ژمارەی ڕاهێنەرانی لەشکری زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکەن تاوەکو ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 210 ڕاهێنەر. لەگەڵ ئەوەشدا فڕۆکەکانی دیدەوانی و پـێدانەوەی سووتەمەنی کە لە ئێسـتادا بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانیان.

ئەم بڕیارەی کەنەدا لە کاتێـکدایە ڕاوەرگرتنی گشتیـیەک نیشانی داوە دوو لەسەر سێی کەنەدیـیەکان پشـتیوانی لە هێرشە ئاسمانیـیەکانی دژی داعش دەکەن و لەگەڵ ئەوەدان زیاتر بکرێن.

سەرۆک وەزیر جەستن ترودو سـاڵی ڕابردوو لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەڵێنی دا ئەگەربێت و بە سەرۆک وەزیری وڵات هەڵبژێردرا، ئەوا هێرشە ئاسمانیـیەکانی دژی داعش ڕادەگرێت.

XS
SM
MD
LG