Accessibility links

فەرماندەی گشـتی یەپەگە: خوازیاری هاوکاری زیاترین لەگەڵ ئەمەریکادا


سیپان حەممۆ فەرمانداری گشـتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەڵێت هێزەکانیان شەڕی دژی داعش دەکەن هەر لە حەسەکەوە هەتا دەگاتە ڕۆژئاوای کۆبانی و لە گرێ سپـیـیەوە هەتا بۆزان و سەڕین.

بەڕێز حەممۆ لە وتووێژێـکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆبین ڕەشڤان لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا گوتیشی ئەم هاوکاریـیەی هەیانە لەگەڵ ئەمەریکا هەتا ئێسـتا زۆر سەرکەوتووبووە و ئەوان سوپاس و پـێزانینیان بۆ ئەو هاوکاریـیە هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەخوازێت پەیوەندی زیاتریان هەبێت و چەک و کەلوپەلی پـێشـکەوتوویان پـێبدرێت لەگەڵ ئەزمونی لەشکریـیان پـێببەخشن تاوەکو باشتر ڕووبەڕووی تێرۆری داعش ببنەوە.

سەبارەت بە هاتنی تورکیا بۆ نێو شەڕی داعش، سیپان حەممۆ دەڵێت تورکیا بە ناوی شەڕی داعشەوە دەیەوێت لە بەردەم کۆمەڵی نێودەوڵەتی ڕەوایی بە شەڕی خۆی لە دژی کورد بدات. دەشڵێت تورکیا دەیەوێت تورکمانەکان بەکاربهێنێت لەو ناوچە دابڕاوەی بەنیازە لە جەرابلوس و ئیعزاز دایبمەزرێنێت، ئەمەش تاوەکو هەردوو کانتۆنی کۆبانی و عەفرین بە یەک نەگەنەوە، ئەگەر نا تورکمانەکان ژمارەیان لە ئیدلب و لازقیـیە زۆر زیاترە بۆچی لەوێ ئەو ناوچەیە دانامەزرێنێت.

پاشان داوا لە ئەمەریکا دەکات ئەو هاوکاریـیەی ئێسـتا لە نێوانیاندا هەیە نەبێتە قوربانی بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکە.

دواتر دەڵێت سەرکەوتنی کوردی ڕۆژئاوا سەرکەوتنە بۆ هەموو گەلی کورد.

درێژەی قسەکانی سیپان حەممۆ لەم فایلە دەنگیـیەدایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:41 0:00
please wait

No media source currently available

0:00 0:08:40 0:00

XS
SM
MD
LG