Accessibility links

بەریتانیا درێژە دەدات بە هێرشە ئاسمانیـیەکانی بۆ سەر داعش لە عێراقدا


مایکڵ فاڵۆن وەزیری بەرگری بەریتانیا
مایکڵ فاڵۆن وەزیری بەرگری بەریتانیا

بەریتانیا دەڵێت هێرشە ئاسمانیـیەکانی دژی داعش لە عێراق بۆ سـاڵێکی دیکە درێژدەکاتەوە و بەوەش هەتا سەرەتای سـاڵی 2017 لەم کارەی بەردەوام دەبێت.

مایکڵ فاڵۆن وەزیری بەرگری بەریتانیا ڕۆژی سێشەممە لە میانەی سەردانێـکیدا بۆ عێراق ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئامانجیان لەمە بەردەوامیدانە بە پشـتیوانیکردنی هێزە عێراقیـیەکان کە لە ئێسـتادا پـێشڕەوی دەکەن بۆ وەدەرنانی داعش لە شارە سەرەکیـیەکاندا.

پاشان گوتی لە کۆتایی ئەم مانگەشدا ڕاوێژکاری زیاتری لەشکری بەریتانیا بەرەو عێراق بەڕێدەکەون بۆ مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی عێراقیـیەکان. بەڵام لە هەمان کاتدا باس لەوەش کرد هیچ لە بەرنامەیاندا نیـیە سەربازانی ڕۆژئاوایی بەشداری لە شەڕەکاندا پـێبکەن.

فاڵۆن ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە بڕیاربووە لە مانگی سێی سـاڵی 2016 فڕۆکەی جەنگی تۆرنادۆ لە کارکردن لە هێزی ئاسمانی بەریتانیا کۆتایی پـێبهێنن، بەڵام وا بۆ سـاڵێـکی دیکە دیهێڵنەوە تاوەکو لە هەڵمەتی دژی داعش بەردەوامبێت.

جێی ئاماژەیە بەریتانیا هێرشی ئاسمانی لە دژی داعش لە عێراق ئەنجام دەدات، بەڵام هەتا ئێستا فڕۆکەکانی هێرشیان لە سوریا ئەنجام نەداوە.

XS
SM
MD
LG