چەند سەرۆک عەشیرەتێكى عەرەبى سونەى دانیشتووى قەزاى حەویجە لە هەوڵدان بۆ ئازادكردنى پێشمەرگە دیلكراوەكانى لاى داعش و بڕیارە هەفتەى داهاتوو ئەو سەرۆک عەشیرەتانە لە بارەى داواكاریەكانى داعشەوە قسە لەگەڵ كەسوكارى پێشمەرگەكاندا بكەن.
تاریق ڕەفیق باوكى ئاسۆ كە یەكێكە لە پێشمەرگە دیلكراوەكانى لاى داعش ، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"سەرۆک عەشیرەتە عەرەبەكان داواى ئازادكردنى پێنج دیلى داعش دەكەن لە بەرامبەر ئازادكردنى هەر پێشمەرگەیەكدا."
پێشتر چەند پێشمەرگەیەک لە پێشمەرگە دیلكراوەكان لە ڕێگەى تەلەفۆنەوە قسەیان لەگەڵ كەسوكاریاندا كرد و داوایانكردبوو فشار بخرێتە سەر وەزارەتى پێشمەرگە بۆ ئەوەى داواكاریەكانى داعش جێبەجێ بكات هەتا ئەوان ئازاد بكرێن.
تاریق ڕەفیق ئاماژەى بەوەكرد كاتێک كوڕەكەى بە تەلەفۆن قسەى لەگەڵ كردووە ، چەكدارێكى كوردى داعش لە تەنیشتى بووە و داواكاریەكانى پێ وتووە هەتا بە ئەوانى بگەیەنێت، وتى"چووینە لاى وەزارەتى پێشمەرگە و ئەوان بە ئێمەیان وت لەسەر خەتن بۆ ئازادكردنى پێشمەرگەكان."
پێشتریش چەند سەرۆک عەشیرەتێكى ترى عەرەب نێوانگیریان لە نێوان پێشمەرگە و داعشدا كرد بۆ ئازادكردنى پێشمەرگە دیلكراوەكان، بەڵام لە هەوڵەكانیاندا سەركەوتوو نەبوون.