Accessibility links

شارەزایانی ئەمەریکایی داوا لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما دەکەن کاری زیاتر لە دژی داعش بکات


چەند شارەزایەکی ئەمەریکایی داوایان لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما کرد هەوڵەکانی چڕبکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و لەناوبردنی.

ڕۆژی دووشەممە لە کۆڕێـکدا لە سەنتەری توێژینەوە سـتراتیژی و نێودەوڵەتیـیەکان لە واشنتن CSIS)) ، نووسەر و ڕۆژنامەوان دەیڤد ئیگناتیۆس David Ignatius گوتی ستراتیژیـیەتی ئێسـتای کۆشـکی سـپی لە شەڕی دژی داعش ڕوون نیـیە و سەرکەوتوو نەبووە لەوەی وڵاتانی ناوچەکە کۆدەنگ بکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕێکخراوە توندڕەوە.

پاشان گوتی داعش بە خێرایی هێرش دەکات، بەڵام کاردانەوەی ئەمەریکا زۆر جار خاوبووە. جەختی لەوەکرد ئەگەر بێت و بەم شێوەیە ڕووبەڕووی داعش ببنەوە، ئەوا پاش سـاڵێـکی دیکە ئەم ڕێکخراوە زیاتر لە باکوری ئەفریکا بڵاودەبێتەوە و ڕەنگە بگاتە ناوەڕاستی ئەو کیشوەرەش و هەروەها لە عێراق و سوریاش کۆنترۆڵ ناکرێت.

پاشان تۆم ساندرسۆن Tom Sanderson شارەزا لە سەنتەرەکە گوتی دەبێت بەشداریپـێکردنی خێڵە سووننەکان لە شەڕی دژی داعش هەنگاوێـکی سەرەکی بێت بۆ شـکستهێنان بە داعش لە عێراقدا. گوتی ئەمەش پـێویستی بە قایلکردنی سووننەکانە بەوەی ئەمەریکا سیاسەتێـکی درێژدەمی لە عێراقدا هەیە و هەر تەنها شەڕی داعش نیـیە.

تۆم ساندرسۆن لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی ئەگەربێت و ئێمە بەو ئاڕاستەیە هەوڵ نەدەین، ئەوا داعش بە زووترین کات بۆشایـیەکان بۆخۆی دەقۆزێتەوە و سووننەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.

پاشان ستیفن کاپـپاس Stephen Kappas جێگری پـێشووی سەرۆکی CIA گوتی ئەو سەرسامە لەوەی چۆن ئەمەریکا پەندی لە هێرشەکانی 11 ی سێپتەمبەر وەرنەگرتووە و وەکو پـێوست هەنگاوی لە دژی ئەم گرووپە تێرۆرستیـیە نەناوە.

هەروەها سەرسوڕمانی خۆی نیشـان دا و گوتی کاتی شەڕی عێراق مەزەندە دەکرا نزیکەی 2 هەزار چەکدارای سەر بە ئەلقاعیدە هەبن، بەڵام ئێسـتا مەزەندە دەکرێت داعش نزیکەی 20 هەزار چەکداری بیانی هەبێت.

XS
SM
MD
LG