Accessibility links

دژ بە پێنەدانى موچە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى لە پارێزگاى سلێمانى لە فراوانبووندایە


مانگرتنى فەرمانبەرانى پارێزگاى سلێمانى دژ بە پـێنەدانى موچەکانیان لە فراوانبووندایە، فەرمانبەران پـێـیانوایە حکومەتى هەرێم لە رێگەى پابەندنەبوونى بە رێکەوتن لەگەڵ بەغدا خوڵقێنەرى ئەو قەیرانە ئابووریەیە کە هەرێمى کوردستانى گرتووەتەوە.

هیوا رۆستەم یەکێک لە رێکخەرانى خۆپیشاندانى مامۆستایان ، حکومەتى هەرێم تۆمەتبار دەکات بەوەى خەمى فەرمانبەران ناخوات و هیچ بەرنامەیەکى بۆ چارەسەرکردنى قەیرانى ئابورى نیـیە، دەڵێت" لە سبەینێ شەممەوە خۆپیشاندان و مانگرتن بەفراوانى دەستپێدەکەنەوە."

ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى، ئەوە دەخاتە ڕوو کە فەرمانبەران مافى خۆیانە خۆپیشاندان بکەن و بایکۆتى دەوام بکەن، چونکە موچەکانیان دواکەوتووە.

غالب محەمەد، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"حکومەتى عێراق بودجەى هەرێم نانێرێت و نەناردنى بودجەش وایکردووە هەرێم تواناى دابەشکردنى موچەى نەبێت."

پـێشتر هەرێم و بەغدا رێککەوتبوون لەسەر ئەوەى هەرێم رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و ناوەندیش 17%ى بودجەى هەرێم بدات ، بەڵام دواى سەردانەکەى هەفتەى رابردووى نێچیرڤان بارزانى بۆ بەغدا شکستهێنانى رێکەوتنەکە راگەیەندرا.

سەرهەڵدانەوەى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى فەرمانبەران ، لە کاتێکدایە بەشێک لە نوێنەرانى کورد لەبەغدا، حکومەتى هەرێمیان بە هۆکارى شکستهێنانى رێککەوتنەکە تۆمەتبار کرد، بەوەى پابەند نەبووە بە هەناردەکردنى ئەو بڕە نەوتەى کە لەگەڵ بەغدا لەسەرى رێککەوتبوون.

مەسعود حەیدەر ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق، ئاماژە بەوە دەکات هەرێم پابەند نەبووە بە هەناردەکردنى ئەو بڕە نەوتەى کە لەگەڵ بەغدا لەسەرى رێککەوتبوو، دەڵێت"هۆکارى کێشەکە دروستبوونى بێ متمانەیی‌یە لە نێوان هەرێم و ناوەنددا، چونکە ناوەندیش بەرێککەوتنەوە پابەند نەبووە."

بڕیارە رۆژى یەکشەممەى داهاتوو نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەت لەگەڵ نوێنەرانى کورددا لە بەغدا کۆببێتەوە، بۆ گفتووگۆکردن لەسەر قەیرانى دارایى هەرێم و نەناردنى بودجە لەلایەن بەغداوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:12 0:00

XS
SM
MD
LG