سەرۆکى یەکێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى، رەتیدەکاتەوە هیچ زانایەکى ئاینى هەرێمى کوردستانى بە جێهێشتبێت و پەیوەندى بە دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شامەوە کردبێت ، دەڵێت" ئەو سێ کەسەى پەیوەندیان بە داعشەوە کردووە زاناى ئاینى نین و ئەندامى یەکێتى زانایانیش نین ، بەڵکو دەرچووى زانستە ئیسلامیەکانن."
بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمهریکا ، سێ وتاربێژ لە هەرێمى کوردستانەوە پەیوەندیـیان بە دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراقەوە شامەوە کردووە، کە ئەو سێ وتاربێژە دەرچووى زانکۆ و پەیمانگا ئیسلامیەکانن.
مەلا عەبدوڵاى سۆران سەرۆکى یەکێتى زانایانى ئاینى لە هەرێمى کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات هیچ زانایەکى ئاینى پەیوەندى بە دەوڵەتى ئیسلامى لەعێراق و شام ناسراو بە داعشەوە نەکردووە، دەڵێت" ئەو سێ کەسەى چوونەتە ناو داعش دەرچووى زانستە ئیسلامیەکانن و ئەندامى یەکێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى نین".
پەیوەندیکردنى ئەو سێ دەرچووەى زانستە ئیسلامیەکان بە داعشەوە ، لەکاتێکدایە بەشێک لە زانایانى ئاینى تۆمەتبار دەکرێن بەوەى لە رێگەى مینبەرى مزگەوتەکانەوە فیکرى توندڕەوى بڵاودەکەنەوە.
زانایانى ئاینى لە هەرێمى کوردستان هەرچەندە لە ژێر چەترى رێکخراوى یەکێتى زانایاندا کۆبوونەتەوە ، بەڵام ئینتیماى سیاسیان جیاوازە و بەشێکیان ئەندامى لایەنە ئیسلامیەکان و بەشەکەى تریشیان ئەندامن لە لایەنە عەلمانیەکانى هەرێمى کوردستاندا.
مەلا ئیدریس ژاڵەیى وتاربێژ و بەرێوەبەرى بەرێوەبەرایەتى حەج و عەمرەى ناوچەى گەرمیان ، بەپێویستى دەزانێت زاناى ئاینى بیرى میانڕەوى بڵاو بکاتەوە و ڕۆڵى هەبێت لە هێمن کردنەوەى فیکرى گەنجان ، دەڵێت"نکۆڵى لەوە ناکرێت ئەو گەنجانەى پەیوەندیان بە گروپە توندڕەوەکانەوە کردووە پەروەردەى مزگەوتەکانن و رۆژێک لەرۆژان لەژێر کاریگەرى وتارى زانایانى ئاینى دا بوون".
زۆربەى ئەو زانا ئاینیانەى تۆمەتبار دەکرێن بە بڵاوکردنەوەى فیکرى توندڕەوى لە رێگەى مینبەرى مزگەوتەکانەوە ، ئەو زانایانەن کە ئەندامى لایەنە ئیسلامیەکانى هەرێمى کوردستانن.