Accessibility links

پـێشمەرگە و ڕێکخراوى بەدر لەسەر دادگایى‌کردنى هەشت پـێشمەرگە تۆمەتبارەکە ڕێککەوتن


ڕێکخراوى بەدر داواى ڕادەستکردنى هەشت پـێشمەرگە لە وەزارەتى پـێشمەرگە دەکات کە ئەو پـێشمەرگانە تۆمەتبارن بە کوشتن و بریندارکردنى دوو چەکدارى سەر بەو ڕێکخراوە، بەڵام وەزارەتى پـێشمەرگە داواکەى ڕێکخراوى بەدرى ڕەتکردووەتەوە.

داواکردنى رادەستکردنى هەشت پێشمەرگەکە لەلایەن رێکخراوى بەدرەوە بۆ ئەوەیە تا ببرێنە بەغدا و لە دادگایەکى ئەو شارە دادگایى بکرێن ، بەڵام دواتر لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر ئەوەى پێشمەرگەکان لەدادگایەکى سەربازى سەربە وەزارەتى پێشمەرگە دادگایى بکرێن نەک لەبەغدا.

عەبدوڵا بۆر فەرماندەى میحوەرى خورماتووى هێزى پێشمەرگە، بەدەنگى ئەمریکاى راگەیاند"ئێمە رازین پێشمەرگەکان لەدادگاى هەرێم دادگایى بکرێن بەڵام رازى نابین بۆ دادگایى کردن ببرێنە بەغدا".

لە ئێستادا هەشت پێشمەرگە تۆمەتبارەکە لە ناوچەیەکى نێوان ناحیەى نەوجول و گوندى خدر وەلى نزیک قەزاى خورماتوو لاى هێزێکى هاوبەشى رێکخراوى بەدر و هێزى پێشمەرگە دەست بەسەرن.

عەبدوڵا بۆر وتى"ئێستا هەوڵ هەیە بۆ ئەوەى سوڵحى عەشایەرى بکرێت لەنێوان پێشمەرگەکان و کەس و کارى چەکدارە کوژراوەکەى رێکخراوى بەدر".

بەپێى وتەى مەلا کەریم شکور بەرپرسى بازنەى حەمرین ى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان ، وەفدى رێکخراوى بەدر و هێزى پێشمەرگە لە سەر سێ خاڵ رێککەوتوون بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کوژرانى چەکدارەکەى بەدر ، بەڵام رێکەوتنەکە رێکەوتنى زارەکى بووە نەک رێکەوتنى نوسراو.

مەلا کەریم شکور بەدەنگى ئەمریکاى راگەیاند"بەپێى رێکەوتنەکە کەس و کارى پێشمەرگەکان سەردانى ماڵى چەکدارە کوژراوەکەى بەدر بکەن و رێکبکەون ، هەروەها چەکدارە کوژراوەکە بەشەهید هەژمارد بکرێت و هەشت پێشمەرگەکەش لە دادگایەکى سەربازى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە دادگایى بکرێن".

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:33 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG