باوه‌ڕ ناکه‌م که‌سێک هه‌بێت نکوڵی له گرنگی هه‌بوونی کتێبخانه و بوونی چاپه‌مه‌نی بکات له ژیانی فه‌رهه‌نگی و هه‌روه‌هاش له ژیانی تایبه‌تی که‌سه‌کاندا.
باهه‌رێمی کوردستانی عێراق به نمونه وه‌ربگرین؛ له‌وه‌تای ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی ساڵی 1991 ه‌وه ژماره‌یه‌کی زۆری چاپه‌مه‌نی له‌و هه‌رێمه‌دا په‌یدابوون. ڕۆژانه ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی چاپه‌مه‌نیه‌کان به باش و خراپیه‌وه ده‌که‌ونه بازاڕه‌وه، به‌ڵام هێنده‌ی ئه‌وه‌ی له کتێبخانه‌کان ده‌مێننه‌وه هێنده ڕێی خۆیان نابڕن بۆ ناو ماڵه‌کان، هێنده به چاوی خوێنه‌رانیان شاد نابن و زیاتر ده‌بنه قوربانی په‌چه‌ی له‌بیرچوونه‌وه.
لێره‌دا ده‌بێت بپرسین کێشه‌که له چیدایه؟ لای ئه‌و چاپه‌مه‌نیانه خۆیانه یان گرفتی خوێنه‌ر و خوێندنه‌وه له ئارادایه؟
مومتاز حه‌یده‌ری: له پاش ڕاپه‌ڕینه‌وه کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی نه‌خوێنده‌وار و ناشایسته دامه‌زراوه‌کان به‌ڕێوه ده‌به‌ن و له به‌های کتێبیش نازاننن و تا ئێستاش پیرۆخی کتێب و قه‌ڵه‌م له ئه‌قڵی سیاسی کوردا لاوازه.
هه‌ر نوسه‌رێک کاتێک به‌رهه‌مه نوێیه‌که‌ی خۆی بڵاوده‌کاته‌وه، دووچاری نیگه‌رانی و په‌ستیه‌کی قووڵ ده‌بێت کاتێک ده‌بینێت چاپکراوه‌که‌ی جێی بایه‌خی خوێنه‌ران نه‌بووه. ئه‌م ڕه‌وشه هه‌ر خودی خوێنه‌ران خۆیان ناگرێته‌وه، به‌ڵکو هه‌ندێک له نوسه‌ره‌کان خۆشیان تیایدا به‌شدارن، ده‌نوسن به‌ڵام ناخوێننه‌وه، باس له ڕۆشنبیری ده‌که‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری نوێترین چاپکراوی بابه‌ته‌که‌یان بن.
ڕایه‌کی تری پێچه‌وانه‌ش هه‌یه، کورد خوێنه‌ری باشی هه‌یه و له هه‌ندێک باردا خوێنه‌ری ڕژدیش و گرفته‌که ده‌به‌نه‌وه بۆ نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی باش و بابه‌تیانه و هه‌روه‌هاش زۆری وبۆری چاپکراوه‌کان.
له هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌یان ده‌زگا بۆ چاپ و بڵاوکردنه‌وه هه‌ن، به‌ڵام ئایا توانیویانه کاریگه‌ریه‌کی ئه‌رێنییان به‌سه‌ر خوێنه‌ری هوشیاره‌وه هه‌بێت؟
ئایا ئه‌و هه‌موو بڵاوکراوانه به‌پێی به‌رنامه‌یه‌کی بابه‌تیانه چاپ ده‌کرێن یان هه‌ڕه‌مه‌کیانه‌یه و هه‌ر ده‌زگایه بۆ خۆی بڕیار ده‌دات؟
له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو ده‌زگایانه‌ی چاپدا ئایا توانراوه ئاره‌زووی خوێنه‌ره جۆراوجۆره‌کان به‌دیبێنن؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه و ژماره‌یه‌ک پرسی تریش له به‌رنامه‌ی "ژیان له فه‌رهه‌نگدا"یه: