سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له هه‌رێمی کوردستانی عێراق گوناهبار ده‌کات به‌وه‌ی داڵده‌ی توندڕه‌وانی عه‌ره‌بی سوننه‌ی داوه.
له میانه‌ی وتاره هه‌فتانه‌ییه‌که‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌یدا نوری ئه‌لمالیکی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ش ده‌کات که له‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوودا، هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان چووبوونه ناوی پاش کشانه‌وه‌ی یه‌که‌کانی له‌شکری عێراق له‌و ناوچانه‌ی به ناوچه جێناکۆکه‌کان ناودێر ده‌کرێن.
له‌و وتاره‌یدا سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی نه‌خسته ڕوو بۆ پشتڕاستکردنه‌وه‌ی گوناهبارکردنه‌کان.
به‌هاء هادی، ئه‌ندامی باڵا له ده‌وڵه‌تی یاسا که مالیکی خۆی سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات ده‌ڵێت میوانداریکردنی هه‌ولێر بۆ ئه‌وانه‌ی ناویان له خۆیان ناوه شۆڕشگێڕ یان موفتی ناوچه‌که و ده‌شڵێت ئه‌مه‌ش شتێک نییه نه‌توانرێت بسه‌لمێندرێت یان جیاوازیه‌ک هه‌بێت له‌سه‌ری که ئێستا له هه‌وڵێرن و له ئوتێله 5 ئه‌ستێره‌ییه‌کاندا دانیشتون.
به‌هاء هادی: پرسیار زۆرن پێویسته وه‌ڵام بدرێنه‌وه له‌وانه بۆ ئه‌و که‌ناڵه سه‌ته‌لایتیانه له هه‌ولێره‌وه هاندان ده‌که‌ن بۆ شه‌ڕ و کوشتن؟
ئه‌م ئه‌ندامه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌ڵێت پێشوازیه‌کی زۆر و گه‌وره‌ش له‌وانه کراوه، نه‌ک له‌لایه‌ن کورده‌وه به‌ڵکو له لایه‌ن هه‌ندێک له سه‌رکرده کورده‌کانه‌وه.
له‌بید عه‌باوی، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌ڵێت جێی مه‌خابنه هه‌تا ئێستا له پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراقه‌وه نه‌توانراوه ئه‌و حکومه‌ته نیشتیمانیه پێکبهێنرێت که ده‌شێت ببێته هه‌نگاوێک به ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌رکردندا.
ئه‌م حکومه‌ته‌ی ئێستای عێراق به حکومه‌تی کاربه‌ڕێکه‌ر داده‌نرێت به‌ڵام جڵه‌وی هه‌موو دۆسێکانی له ده‌ست خۆیدا هێشتۆته‌وه.
له‌بید عه‌باوی: ئه‌و جۆره گوناهبارکردنه‌ی کورد له لایه‌ن مالیکیه‌وه بۆ په‌رده‌پۆشکردنی شکسته‌کانه.
به‌ڕێز عه‌باوی ده‌شڵێت ئه‌و جۆره ڕاگه‌یاندنانه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ست نه‌کردنه به ترسناکی بارودۆخه‌که و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌کان و ده‌شڵیت هه‌نگاوی سه‌ره‌کی به ئاڕاسته‌ی دروستدا بۆ جاره‌سه‌رکردنی ره‌وشی عێراق ده‌که‌وێته سه‌ر دانیشتنه‌که‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی په‌رله‌مانی عێراق.
له‌سه‌ر بنچینه‌ی وتووێژه‌کانی له‌گه‌ڵ له‌بید عه‌باوی، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، هه‌روه‌هاش به‌هاء هادی، ئه‌ندامی باڵا له ده‌وڵه‌تی یاسا، به‌ڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئاماده‌کردووه.
زانیاری زیاتر له ده‌قی ڕاپۆرته‌که‌دایه: