Accessibility links

ئەمنستی: یەپەگە تاوانی جەنگی ئەنجام داوە


ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی Amnesty International دەڵێت یەکێنەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) تاوانی جەنگی ئەنجامداوە لەو ناوچانەی کە لە باکوری سوریا کۆنترۆڵیان دەکات.

ڕێکخراوەکە ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپـۆرتێـکیدا نووسیویەتی هێزەکانی یەپەگە خەڵکی چەند ناوچەیەکیان بە زۆر ڕاگواستووە و خانووەکانیان ڕووخاندوون، ئەمەش وەکو سزایەکی بە کۆمەڵ بۆ دانیشـتوانەکەی کە داڵدەی چەکدارانی داعشیان دابوو.

ئەم ڕێکخراوە ناحکومیـیە کە بارەگاکەی لە لەندەنە، دەڵێت لێکۆڵەری بۆ 14 شار و گوند لە سوریا ناردووە و بۆی دەرکەوتووە یەپەگە زنجیرەیەک ڕاگواستنی بە زۆری ئەنجامداوە و پاشان ماڵەکانیانی ڕووخاندووە.

هەروەها دەڵێت بە پـێی وێنەکانی سەتەلایت کە لە نێوان مانگی شەشی سـاڵی 2014 بۆ مانگی شەشی 2015 گیراون گوندی ئەلحسێنیـیە لە پارێزگای حەسەکە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ڕێژەی 94% وێرانکراوە.

یەک لە دانیشتوانی گوندی حسێنیـیە بە ئەمنستی گوتووە " شەڕڤانانی یەپەگە لە ماڵەکانیان دەریان کردوون و پاشان کەوتوونەتە سووتاندنی ماڵەکان و بە شۆڤڵ گوندەکەیان ماڵ بە ماڵ وێران کردووە.

لوما فەقیـیە بەرپـرس لە ئەمنستی دەڵێت یەپەگە بە سوتاندن و وێرانکردنی ماڵی خەڵکی بەبێ هیچ پاساوێـکی لەشکری یاسا مرۆییەکانی نێودەوڵەتی پـێشێلکردووە.

XS
SM
MD
LG