داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاندووە کە ڕۆژی هەینی کرایە سەر لەشکری یەمەن لە ناوچەی حەزرەمەوتی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە و کاربەدەسـتانی حکومەت لە ناوچەکە دەڵێن لە ئاکامدا 19 سەرباز و 35 چەکدار کوژراون.
پـێشتر سەرچاوەیەکی ئاسایشی یەمەن گوتی ڕێکخراوی قاعیدە لە دورگەی عەرەب بەرپـرسیارە لە هێرشەکە.
جێی ئاماژەیە باڵی داعش لە یەمەن لە هەردوو لایەنی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەدات. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو چەندان جار حوسیـیەکانی لە مزگەوتەکانیان لە سەنعای پایتەخت کردووەتە ئامانج و هەروەها هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانێتی بە ڕێبەرایەتی عەرەبستانی سعودیە و هێزەکانی حکومەتی یەمەن، لەوانە تەقینەوە خۆکوژیـیەکانی مانگی نۆی شاری عەدەن کە بەهۆیانەوە دەیان کەس کوژران.
داعش لای خۆیەوە لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی نزیکەی 50 سەربازی لە هێرشەکەدا کوشتووە، ئەمەش زۆر زیاترە لەوەی کاربەدەسـتانی ناوچەکە ڕایانگەیاندووە.