Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: ڕەنگە 250 هەزار کەس لە یەمەن تووشی کۆلێرا ببن


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO ئاگاهی دەدات و دەڵێت ڕەنگە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوو نزیکەی 250 هەزار کەس لە یەمەن تووشی نەخۆشی کۆلێرا ببن.

نێڤیۆ زاگاریا بەرپـرسی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ یەمەن ئەمڕۆ چوارشەممە لە جنێڤ گوتی لە ماوەی 3 هەفتەی ڕابردوو نزیکەی 23 هەزار و 500 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لە یەمەن تۆمارکراوە، لەوانە 242 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

گوتیشی نەخۆشیـیەکە بە شێوەیەکی بێ پـێشینە بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، بۆیە شیانی هەیە لە ماوەی شەش مانگدا ژمارەی تووشبووان بگاتە 200 بۆ 250 هەزار کەس.

باسی لەوەش کرد بەهۆی ئەو شەڕەی یەمەنی گرتووەتەوە، کاربەدەسـتانی تەندروستی ناتوانن بگەنە چەندان ناوچەی وڵاتەکە و چارەسەری نەخۆشەکان بکەن. گوتیشی ڕەنگە ژمارەی تووشبووان زۆر لەوە زیاتربێت کە بەدەسـتیان گەیشتووە.

هەروەها کەمی وزەی کارەبا و ئاوی پاک هۆکارێکی دیکەی بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشیـیەکەن.

جێی ئاماژەیە تووشبووی نەخۆشی کۆلێرا پـێویستی بە چارەسەری تەندروستی خێرایە و ئەگەربێت زوو چارەسەری بۆ نەکرێت شیانی گیان لەدەستدانی هەیە، بە تایبەتی منداڵان و کەسانی بە تەمەن.

XS
SM
MD
LG