له هه‌واڵه‌کان دا هاتووه، ئێمام جۆمعه‌ی شاری ئێسفه‌هان که له نوێژی هه‌ینی ئه‌م شاره وتاری ده‌خوێندوه، ڕه‌خنه‌ی توندی له وه‌رگرتنی ژنان له ئیداره‌کانی حکومه‌تی گرتووه و گوتوویه‌تی له کاتێکدا سه‌دان پیاو له ئێران دا بێکارن، بۆچی ده‌بێت ژنان له ئیداره‌کان و به تایبه‌ت له به‌رپرسیاره‌یه‌تیه گرینگه‌کان وه‌ک فه‌رمانداری شاره‌کان وه‌ربگیرێن.
ته‌با ته‌بایی ده‌ڵێت، درووست نیه پیاو بێکار بێت و ژن کاری هه‌بێت، چونکه پیاوان به ئه‌وه‌ی که له خێزانیان پاره وه‌ربگرن ده‌شکێنه‌وه به‌ڵام ژنان حه‌ز ده‌که‌ن پیاوه‌کانیان له باری ئابووریه‌وه پشتگریان که‌ن و خه‌رجیان بده‌ن.
سوسه‌ن محه‌مه‌د خانی غه‌یاسوه‌ند، ڕۆژنامه‌وانی کوردی دانیشتووی پاریس له سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌یه که ئه‌م جۆره هه‌ڵوێستانه که له ناخی خۆی دا دژی ژنه، ده‌رئه‌نجامی پێوه‌ندی قووڵی ئاین و نه‌ریتی پیاوسالار له کۆمه‌ڵگا و سیاسه‌تی ئێران دایه.