وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا هێلاری کلنتن په‌یوه‌ندی به ژماره‌یه‌ك وڵات کردووه به‌رله‌وه‌ی ماڵپه‌ڕی مشت و مه‌ر له‌سه‌ری ویکی-لیکس به ملیۆنان به‌ڵگه‌نامه‌ی دیپلۆماسی نهێنی بڵاو بکاته‌وه و له وانه‌یه ببنه مایه‌ی شه‌رمه‌زاری .
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا پی جه‌ی کراولی ڕۆژی هه‌ینی له‌سه‌ر تویته‌ر ڕاگه‌یاند که کلنتن په‌یوه‌ندی به ڕێبه‌رانی ئه‌ڵمانیا، عه‌ره‌بستانی سعودی، ئیماراتی یه‌کگرتوی عه‌ره‌ب، به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا و ئه‌فغانستان کردووه.
ڕۆژنامه‌ی ئیسرائیلی حه‌ئارتس له زاری کاربه‌ده‌ستێکی باڵای ئیسرائیل ڕایگه‌یاند که‌وا گوتویه‌تی حکومه‌ته‌که‌ی هۆشداری پێ درابوو که هێندێك له به‌ڵگه‌کان بریتین له ڕاپۆرتی نهێنی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا له ته‌ل ئه‌ڤیڤ.
ڕۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یات بنکه له له‌نده‌ن ڕاده‌گه‌یه‌نێت بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌کان پشتیوانی ئه‌مه‌ریکا بۆ په‌که‌که ئاشکرا ده‌کات، که ڕیکخراوێکی جودایی خوازی کورده له تورکیا، وه له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکاوه خراوه‌ته لیستی ڕێکخراوه تێروریستیـیه‌کانی جیهانه‌وه.
هێشتا ڕوون نیـیه چ کاتێک ویکی-لیکس به‌ڵگه‌نامه‌کان ئاشکرا ده‌کات. دووشه‌ممه‌ی ڕابردوو، ویکی-لیکس به تویته‌ری ڕایگه‌یاند به نیازه سێ ملیۆن به‌ڵگه‌نامه‌ی نهێنی بڵاوبکاته‌وه.