Accessibility links

هێلەری کلنتن و دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنە بەرایـیەکاندا هێشتا لە پـێشەوەن

  • VOA News

ئەنجامی هەڵبژاردنە بەرایـیەکانی ڕۆژی سێشەممە نیشانی دەدەن لە پـێشبڕکێی دیموکراتەکاندا بێرنی ساندەرس سیناتۆری ویلایەتی ڤێرمۆنت سەرکەوتنێـکی پێشبین نەکراوی لە ویلایەتی میشگین بۆخۆی تۆمارکردووە، هاوکات لە پـێشبڕکێـی کۆماریـیەکاندا دۆناڵد ترەمپی ملیۆنێر لە هەرسێ ویلایەتی میشیگن و میسیسپی و هاوایی سەرکەوتووبوو.

دیموکراتەکان کە لە هەردوو ویلایەتی میشیگن و میسیسیپی هەڵبژاردنی بەرایـیان ئەنجام دا، بێرنی ساندەرس 49.9% ی دەنگەکانی ویلایەتی میشگینی بردەوە، بەوەش پشـتیوانی 65 نوێنەری لەو ویلایەتە بەدەستهێنا، بەڵام هێلەری کلنتن کە 48.3% ی دەنگەکانی لەگەڵدابوون 58 نوێنەری ئەو ویلایەتەی بردەوە.

لە ویلایەتی میسیسیپی، هەرچەندە هێلەری کلنتن 82.6% ی دەنگەکانی بردەوە بەڵام تەنها 29 نوێنەری بەدەسـتهێنا بەو پـێـیەی دەنگدەرانی ئەو ویلایەتە کەمترن. بێرنی ساندەرسیش 16.5% ی دەنگەکان لە بەرژەوەندی ئەو بوون و بەوەش پشـتیوانی 3 نوێنەری میسیسیپی بۆمایەوە.

لە پـێشـبڕکێی کۆماریـیەکانیش کە لە ویلایەتەکانی میشیگن و میسیسیپی و هاوایی و ئایداهۆ بەڕێوەچوون، دۆناڵد ترەمپ لە سێ ویلایەت سەرکەوتنی بۆخۆی تۆمارکرد. لە میشیگن 25 نوێنەر و لە میسیسپی 24 نوێنەر و لە هاوایی 10 نوێنەر. تێد کروزی سیناتۆری تێکساسیش ویلایەتی ئایداهۆی بردەوە و 20 نوێنەر دەستکەوتی بوو.

بەپـێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە بەراییـیەکانی هەتا ئێسـتا ئەنجامدراون، هەریەکە لە کۆماری و دیموکراتەکان ئەم ژمارە نوێنەرانەیان بردووەتەوە.

کۆماریـیەکان:

دۆناڵد ترەمپ: 458

تێد کروز: 359

مارکۆ ڕۆبیۆ: 151

جان کەیسک: 54

دیموکراتەکان:

هێلەری کلنتن: 1221

بێرنی ساندەرس: 571

جێی ئاماژەیە کۆماریـیەکان لە هەموو ویلایەتەکان 1435 نوێنەریان هەیە و هەر کامیان بۆ ئەوەی ببێتە کاندیدی پارتەکەیان دەبێت بە لایەنی کەم پـشتیوانی 1237 نوێنەری هەبێت. بەڵام دیموکراتەکان 2973 نوێنەریان هەیە و بۆ کاندیدکردن پـێویستیان بە دەنگی 2383 نوێنەر هەیە.

XS
SM
MD
LG