Accessibility links

ئەمەریکا سێ بنکەی ڕاداری ژێر دەسەڵاتی حوسیـیەکان بە موشەک وێراندەکات


لەشکری ئەمەریکا دەڵێت لە کاردانەوەی بەرامبەر ئەو هێرشە موشەکیـیەی کرایە سەر کەشتیـیەکی لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی حوسیـیەکان لە یەمەن ، 3 بنکەی ڕاداری ئەم گروپەی لە کەنارەکانی سەر دەریای سوور کردووەتە ئامانج.

پـیتەر کوک گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی کەشتی USS Nitze ئەمەریکایی بە موشەکی جۆری تۆماهۆک لە سێ بنکەی ڕاداری لە یەمەن داوە لەسەر کەنارەکانی سەر دەریای سوور، لە باکوری تەنگەی باب ئەلمەندەب.

جەختی لەوەش کرد ئەمەریکا کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک هەبێت بۆ سەر کەشتیـیەکانی یان ڕێگەی هاتوچۆی بازرگانی لەو ناوچەیە و هەر شوێنێـکی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا.

سەرچاوەیەکی لەشکری ئەمەریکا گوتی هەرسێ ڕادارەکە بە تەواوی وێرانکراون.

حوسیـیەکان لای خۆیانەوە نکوڵی دەکەن لەوەی کەشتیـیەکی ئەمەریکایـیان کردبێتە ئامانج.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی سەبای سەر بە حوسیـیەکان و هاوپەیمانانیان لە لایەنگرانی عەلی عەبدوڵڵا سـاڵح سەرۆکی پـێشوو ، ئەمڕۆ پـێنچشەممە لە زاری سەرچاوەیەکی لەشکری ڕایگەیاند لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەوان هێرشەکە نەکراوە و ئەوان هیچ پەیوەندیـیان بەو هێرشەوە نیـیە.

شەوی چوارشەممە لە کەنارەکانی یەمەن لەسەر دەریای سوور موشەکێـک ئاڕاستەی کەشتی جەنگی USS Mason کرا، بەڵام بەری نەکەوت و هیچ زیانێـکی بە کەشتیـیەکە و تاقمەکەی نەگەیاند.

جێی ئاماژەیە هێرشەکەی دوێنێ چوارشەممە ڕێکەوتی 16 هەمین ساڵیادی هێرشەکەی سـاڵی 2000 بوو، ئەوەی بە موشەکێـک کرایە سەر کەشتی جەنگی USS Cole لە بەندەری عەدەن و لە ئاکامدا 17 سەربازی هێزی دەریایی ئەمەریکا گیانیان لەدەسـتدا.

XS
SM
MD
LG