Accessibility links

ئەمەریکا نیگەرانی زۆری خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر بۆردومانەکەی تورکیا


بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ بەتوندی ڕەخنەی لە هێرشە ئاسمانیەکەی تورکیا گرت بۆ سەر شەڕڤانانی سوریا و عێراق هەروەها ئەم هاوپەیمانە ناتۆیەی تۆمەتبارکرد بەوەی شکستی هێناوە لەوەی هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانێتی دژی داعشدا بکات.

هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ئەمەریکا نیگەرانی زۆری خۆیان دەربڕی لەبەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکاندا و وتیان ڕاستەوخۆ تورکیایان ئاگادارکردۆتەوە لەوەی هێرشکردنە سەر گروپە کوردییەکانی لەوانەیە کاربکاتە سەر شەڕ دژی داعش.

بەپێی پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە قامیشلو 23 شەڕڤان لەناوچەی قەرەچوغی دێرک بە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە.

مارک تونەر وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێمە زۆر نیگەرانین لەوەی تورکیا هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا لە سوریا و باکووری عێراق بەبێ هیچ هەماهەنگییەک لەگەڵ ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیماناندا.

وتیشی " ئەم هێرشە ئاسمانییانە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە ڕەزامەندی لەسەر نەدراوە و بەداخەوە بووە هۆی گیان لەدەستدانی هاوبەشەکانمان لە شەڕی دژی داعش کە ژمارەیەکیشیان پێشمەرگەش بوون."

تونەر باسی لە ڕەخنەکانی عێراقیش کرد سەبارەت بەوەی تورکیا سنوری عێراقی بەزاندووە و وتی هەر کردارێکی سەربازی لەو وڵاتەدا بکرێت دەبێت ڕێز لە سەرەوەری عێراق بگیرێت.

وتیشی هەماهەنگی لەنێوان هێزەکاندا زۆرگرنگە بۆ پاراستنی هەموو هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا.

هەروەها وتەبێژی پێنتاگۆن مەیجەری هێزی دەریایی ئەیدریان ڕانکین گالەوەی وتی تورکیا دەبێت شەڕی داعش پێش هەموو شەڕێکی تر بخات و هەروەها وتی ئێمە دەزانین پەکەکە جێی هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا بەڵام تورکیا نابێت لەم شەڕە بەردەوام بێت لەسەر حسابی شەڕی هاوبەشمان لەدژی ئەو تیرۆریستانەی کە جێی هەڕەشەن بۆ سەر هەموومان."

شایەنی باسە ئەمەریکا شەڕڤانانی سوریا بە کاریگەرترین هێز ناودەبات لە شەڕیاندا دژی داعش.

وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی تورکیای کرد بۆ سەر خاکی عێراق و بە سنوور بەزاندنی ناودێرکرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کۆتاییەک دابنێن بۆ ئەم دەستێوەردانەی تورکیا لەناو خاکی عێراق.

سوپای تورکیا لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت هێرشە ئاسمانییەکان گروپی تیرۆرستیان کردۆتە ئامانج لە چیای شنگال و ناوچەیەکی شاخاوی سوریا.

سەرچاوە / VOA

XS
SM
MD
LG