Accessibility links

دادگایەکی پـیاداچوونەوەی فیدراڵی دەڵێت بە زووترین کات بڕیاری خۆی لەسەر فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ دەدات


دادگای 9ی پـیاداچوونەوەی فیدراڵی لە شاری سانفرانسیسکۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا دەڵێت بەم زووانە بڕیار دەدات ئایا بە فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ کاربکرێتەوە یان نا، ئەوەی داویەتی بۆ ڕاگرتنی کاتی هاتنی هاوڵاتیانی حەوت وڵاتی زۆرینە موسڵمان بۆ ئەمەریکا.

پاش نیوەڕۆی سێشەممە بە کاتی خۆجێی سانفرانسیسکۆ، دادگاکە بە سەرۆکایەتی هەرسێ دادوەر ولیەم کانبی و میشێل فریدلاند و ڕیچارد کلفتن بۆ ماوەی زیاتر لە یەک کاژمێر لە ڕێگەی تەلەفونەوە گوێبیستی هەردوو لایەنی ناکۆکیـیەکە بوون.

ئۆگێست فلینتجی پارێزەری وەزارەتی داد داکۆکی لە فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ کرد و گوتی بەپـێی ئەو دەسەڵاتەی لە لایەن کۆنگرێس و دەستورەوە پـێی دراوە ئەم فەرمانەی داوە. گوتیشی ئەو دەسەڵاتە ڕێگەی پـێدەدات فەرمان بکات ڕێسای گونجاو بگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لەو کەسانەی دێنە ناو ئەمەریکاوە.

پاشان ئاماژەی بۆ کۆنگرێس و بەڕێوەبەرایەتی سەرۆکی پـێشوو براک ئۆباما کرد کە ئەوانیش ناوی ئەم حەوت وڵاتە (سۆماڵ، سودان، ئێران، عێراق، سوریا، لیبیا، یەمەن) بە جێی نیگەرانی دەسەڵاتداران ناودێرکردبوو، بەوەی مەترسی تێرۆرزمیان لێدەکرێت یان شوێنی پارێز بۆ تێرۆرستان دابین دەکەن.

گوتیشی ژمارەیەک سۆماڵی لە ئەمەریکا دەسـتگیرکراون کە پەیوەندیـیان بە گروپی شەبابی تێرۆرستیـیەوە هەبوو.

نوا پـورسێڵ داواکاری گشتی واشنتن کە لە دانیشتنەکەی دادگا نوێنەرایەتی هەردوو ویلایەتی واشنتن و مینەسۆتای دەکرد، گوتی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ خوازیارە بەبێ پـیاداچوونەوەی یاسایی تەواو بە فەرمانەکە، جارێکی دیکە کار بە فەرمانەکە پـێبکرێتەوە، بەمەش دووبارە ئاژاوە لە نێو وڵاتەکە ڕوودەدات. گوتی چەندان خێزان هەن بەهۆی ئەم فەرمانەی سەرۆک ترامپەوە پەرەتەوازەبوون و خەڵکیش هەن لە ترسداندا ناوێرن گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن. هەروەها هەردوو ویلایەتی واشنتن و مینەسۆتا بەهۆی ئەم فەرمانەوە زیانی ئابوریـیان پـێگەیشتووە.

XS
SM
MD
LG