Accessibility links

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی نوێی ئەمەریکایە


بەپـێی ئەنجامە سەرەتایـیەکان دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆماریـیەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا سەرکەوتنێـکی گەورەی بەسەر خانم هێلەری کلنتن کاندیدی دیموکراتەکان تۆمارکرد.

ئەنجامەکان نیشانی دەدەن دۆناڵد ترەمپ 276 دەنگی ئەنجومەنی هەڵبژاردنی بردووەتەوە، بەمەش پـۆستی سەرۆکایەتی بۆخۆی مسۆگەرکرد لە کاتێـکدا تەنها پشـتیوانی 270 دەنگی ئەنجومەنی هەڵبژاردن بەسە بۆ گەیشتن بە کۆشکـی سـپی.

هەرچەندە هێشتا ئەنجامی چەند ویلایەتێـک یەکلا نەبووەتەوە، بەڵام هیچ کاریگەریـیان نابێت، لە کاتێـکدا هێلەری کلنتن هێشتا لە 218 دەنگی ئەنجومەنی هەڵبژاردنی بەدەسـت نەهێناوە.

هەروەها کۆماریـیەکان سەرکەوتنێـکی دیکەیان بۆخۆیان تۆمارکرد کە هیچی کەم نیـیە لە پـۆستی سەرۆکایەتی ئەویش لە هەردوو ئەنجومەنی سینات و نوێنەرانی کۆنگرسی وڵاتەکە بوونە زۆرینە، بەمەش کۆنگرس و کۆشـکی سـپی لە ژێر کۆنترۆڵی کۆماریـیەکان دەبن.

لە ئەنجومەنی سیناتیش کۆماریـیەکان لە کۆی سەد کورسیـیەکەی ئەم ئەنجومەنە بوونە خاوەنی 51 کورسی، بەمەش زۆرینەی ئەنجومەنەکەیان بەدەسـتهێنا. بەڵام دیموکراتەکان هەتا ئێستا 47 کورسیـیان لەم ئەنجومەنە بەدەسـتهێناوە. هێشتا 2 کورسی یەکلا نەبوونەتەوە.

هەروەها لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش کۆماریـیەکان 235 کورسیـیان بردەوە لە بەرامبەر 184 بۆ دیموکراتەکان. تەنها بەدەسـتهێنانی 218 کورسی لەم ئەنجومەنە بەسە بۆ بوون بە زۆرینە. هێشتا چارەنووسی 16 کورسی یەکلا نەبووەتەوە.

XS
SM
MD
LG