Accessibility links

میدیاکانی ئەمەریکا: سەرۆک ترامپ بەرپـرسێـکی باڵا لە پـۆستەکەی لادەدات


بەپـێی میدیاکانی ئەمەریکا سەرۆک ترامپ، ستیفن بانێنی بەرپـرسی سیاسەتی ستراتیژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی لە پـۆستەکەی لابردووە.

هەندێک لە یاسادانەران و ئەو کەسایەتیـیانەی بۆ چەندان ساڵ لە کاری دروستکردنی بڕیاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا کاریان کردبوو، دەیانگوت ستیفن بانێن بەهۆی سیاسەتە زۆر ڕاستڕەوەکانی بۆ ئەو پـۆستە گرنگە گونجاو نیـیە.

ساڵی ڕابردوو بەر لەوەی پەیوەندی بە تیمی هەڵمەتی دانۆڵد ترامپ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکات، بەرپرسی ماڵپەڕی برایتبارت نیوز بوو، ئەوەی بە ئەوپەڕی ڕاستڕەوی ناسراوە.

ستیفن بانێن تەمەن 63 ساڵ خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە کارداری کە لە زانکۆی هارڤەرد بەدەسـتیهێناوە، لە نێوان ساڵانی 1976 بۆ 1983 لە هێزی دەریایی ئەمەریکا ئەفسەر بوو. پاشان کاراداری کردووە و لە ساڵی 1990 کۆمپانیایەکی ڕاگەیاندنی دامەزراند و لە دواییدا فرۆشتی.

لەم دوایـیانە کە لەگەڵ سەرۆک ترامپ کاریکرد، ڕۆڵێکی بەرچاوی بینی لە چەندان بابەتدا، لەوانە کشاندنەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنی هاوبەشی سەرانسەری پاسفیک، پـێکهێنانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، داڕشتنی بڕیاری پەیوەست بە ڕاگرتنی هاتنی کۆچبەران.

سەرۆک ترامپ هەروەها بڕیاری داوە دوو کاربەدەسـتی سەرەکی بگەڕێنێتەوە بۆ نێو سەرکردایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، ئەوانیش دان کۆتس سەرۆکی دەزگا هەواڵگریـیەکانی ئەمەریکا و جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا. بڕیاریشی داوە تۆم بۆسەرت ڕاوێژکاری کۆشکی سپی بۆ ئاسایشی ناوخۆ لە پلەکەی نزم بکاتەوە.

XS
SM
MD
LG