Accessibility links

وەزارەتی دادی ئەمەریکا داوای کاتی زیاتر دەکات بۆ پێشکەشکردنی بەڵگە لەسەر گوێگرتن لە تەلەفونەکانی سەرۆک ترامپ


وەزارەتی دادی ئەمەریکا داوایکردووە کاتی زیاتری بدرێتێ بۆ وەڵامدانەوەی داواکانی کۆنگرێس بۆ پێشکەشکردنی بەڵگە لەسەر قسەکانی سەرۆک دانۆڵد ترامپ کە دەڵێت باراک ئۆباما سەرۆکی پێشوو لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا فەرمانی کردبوو لە نیویۆرک گوێ لە پەیوەندییە تەلەفونیەکانی بگرن.

سەرۆک ترامپ سەرەتای ئەم مانگە لە نووسینێکیدا لەسەر تویتەرکەی بەبێ بەڵگە باراک ئۆبامای بەم کارە تۆمەتبارکرد. نووسیبووی ئایە یاسایی یە سەرۆک فەرمان بکات گوێ بگیرێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان. لە نووسینێکی تریدا دەڵێت لە مانگی دە ئۆباما فەرمانی کردبوو گوێ لە تەلەفونەکانی بگیرێت.

بەڵام شان سپایسەر وتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت سەرۆک ترامپ مەبەستی ئەوە نەبووە باراک ئۆباما فەرمانی کردبێت گوێ لە تەلەفونەکانی خودی ئەو بگرن.

شان سپایسەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئۆباما فەرمانی کردبوو چاودێری تەلەفونەکانی ئوتێلەکەی سەرۆک ترامپ لە شاری نیویۆرک بکرێت.

لە لایەکی دیکە خاتوو کێڵیان کەنوەی ڕاوێژکاری سەرۆک ترامپ وتی هیچ بەڵگەیەکی نییە قسەکانی سەرۆک ترامپ بسەلمێنێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن خاتوو کەنوەی وتی ئەوە کاری ئەو نییە بەڵگەی هەبێت بەڵکو ئەوە شتێکە پەیوەندی بە لێکۆڵینەوەکانەوە هەبێت.

کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆژی دووشەممەیان وەک دوا مۆڵەت بۆ وەرگرتنی بەڵگەکان دانابوو، بەڵام وەزارەتی داد ئێوارەی دووشەممە داوای لە یاسادانەران کرد کاتی زیاتری بدەنێ تا وەڵام بداتەوە.

جۆن مەکین سیناتۆری کۆماری بە کەناڵی سی ئێن ئێنی وت سەرۆک ترامپ دەبێت یەکێک لەو دوو بژارەیە هەڵبژێرێت یان پاشکەزببێتەوە و یانیش بەڵگە بخاتە ڕوو کە باراک ئۆباما یاسای پێشێلکردووە. دواتر مەکین وتی هیچ هۆکارێک نییە وای لێبکات بڕوابکات تۆمەتەکە ڕاستبێت.

سەرچاوە/VOA

XS
SM
MD
LG