پیاوێکی ئه‌مه‌ریکایی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک پاکستانی به تاوانی پلان داڕشتن بۆ ته‌قینه‌وه له چه‌ندین وێزگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ری نزیک واشنتۆن ده‌ستگیر کراوه. په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا کینت کلاین ئه‌م ڕاپۆرته‌ی ئاماده کردووه.
کاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی دادی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێن فاروق ئه‌حمه‌دی ته‌مه‌ن 34 ساڵان له مانگی چواره‌وه وێنه‌ی وێزگه‌کانی شه‌مه‌نده‌فه‌ری له ده‌وروبه‌ری واشنتۆن ده‌گرت و نه‌خشه‌ی چه‌ندین ته‌قینه‌وه‌ی داڕشتبوو.
ئه‌و له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا ده‌ستگیر کرا به‌چه‌ندین تاوانی که هێرشی تیرۆرستیشی و هه‌وڵی دابین کردنی پشتیوانی بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆرستیشی تێدایه.
وته‌بێژی کۆشی سپی ڕۆبه‌رت گیبس ده‌ڵێت ئاسایشی گشتی هه‌رگیز له مه‌ترسی دا نه‌بووه. له‌و کاته‌وه لێکۆڵه‌رانی فیدڕاڵی له نزیکه‌وه چاودێری کرداره‌کانی ئه‌و پیاوه‌یان ده‌کرد.
گیبس ده‌ڵێت ئه‌مه نمونه‌یه‌کی تری کاره‌کانی FBIو هه‌موو کارمه‌ندانی چه‌سپاندنی یاسا و تیمی ئاسایشی نیشتیمانیمانه که وڵاته‌که‌مان ده‌پارێزن. ئه‌و گروپانه له سه‌ره‌تای کاره‌که‌وه ئاگادار بوون و له هیچ کاتێکدا خه‌ڵکی له مه‌ترسیدا نه‌بوون.
گیبس گوتیشی سه‌رۆک باراک ئۆباما به‌ر له ده‌ستگیرکردنی ئه‌و پیاوه له دۆسێکه ئاگادار کرابووه‌وه.
تاوانبارکه‌ران ده‌ڵێن ئه‌حمه‌د چاودێری کردووه و وێنه‌ی ڤیدۆییی 4 وێزگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئارڵینگتۆنی ڤه‌رجینیای گرتووه . ئارڵنگتۆن جێگای په‌نتاگۆن و گۆڕستانی نیشتیمانیشه.
هاوکات ئه‌حمه‌د تاوانبار کراوه به چه‌ندین جار کۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ که‌سانی که به بڕوای ئه‌و په‌یوه‌نییان له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعیده‌دا هه‌بوو و زانیاری چاودێرییه‌کانی خۆی پێدابوون.
ئه‌حمه‌د هاووڵاتی ئه‌مه‌ریکای به ڕه‌چه‌ڵه‌ک پاکستانییه. ئه‌گه‌ر تاوانه‌که به‌سه‌ریدا بسه‌پێنرێت ئه‌وا ڕووبه‌ڕووی نزیکه‌ی 50 ساڵ زیندانی ده‌بێته‌وه.