Accessibility links

میدیاکان: ئەمەریکا تاووتوێی ناردنی هێزی تایبەتی خۆی بۆ سوریا دەکات


چەند کاربەدەسـتێـکی ئەمەریکا دەڵێن وڵاتەکەیان تاووتوێی مەسەلەی ناردنی ژمارەیەکی کەم لە هێزی تایبەتی خۆی بۆ سوریا دەکات لەگەڵ ناردنی هەلیکۆپـتەری هێرشبەر بۆ عێراق، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی کۆمەڵێـک ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.

دوو کاربەدەسـتی ئەمەریکایی ڕۆژی سێشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە بڕیاردان لەسەر ڕەوانەکردنی هەر هێزێـک بدرێت، ئەوا بە شێوەیەکی ورد دەبێت و بۆ مەبەستێـکی تایبەتیش دەبێت چ لە عێراق یان لە سوریا.

یەک لەو کاربەدەسـتانە گوتویەتی بژارەیەکیان بریتیـیە لە ناردنی هەندێـک هێزی تایبەتی ئەمەریکا بە شێوەیەکی کاتی بۆ ناو سوریا تاوەکو هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی میانڕەو ڕاوێژیان پـێبکەن و لەوانەشە یارمەتی بدەن لە داواکانی دەکرێن بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا.

هەروەها شیانی هەیە ژمارەیەک هەلیکۆپـتەری ئەپاچی و هێزی ئەمەریکایی بۆ کارپـێکردنیان ڕەوانەی عێراق بکرێن لەگەڵ هەنگاونان بۆ بەهێزکردنی تواناکانی دیکەی عێراقیـیەکان بە مەبەستی گێڕانەوەی ئەو ناوچانەی داعش داگیری کردوون.

تاووتوێکردنی ئەم بژارانە لە کاتێـکدایە کە ئەمەریکا چاوەڕوانە لە سوریا چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن ئەوانەی پشـتیوانیان لێدەکات فشار بخەنە سەر ڕەققە کە ناوەندی سەرەکی داعشی لێـیە و لە عێراقیش هێزە عێراقیـیەکان شاری ڕومادی کۆنترۆڵ بکەنەوە کە لە سەرەتای ئەمساڵدا کەوتە دەسـتی داعشەوە.

کاربەدەسـتێـکی دیکە گوتویەتی بژارەکان هێشتا هەر قسەن، ئەمەش مانای ئەوەیە هەر کامێـکیان لە ڕۆژانی داهاتوو ڕەزامەندی لەسەر بدرێت، ئەوا چەندان هەفتە یان مانگی دەوێت هەتا جێبەجێ بکرێت.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و کۆشـکی سـپی ئامادە نەبوون لێدوان لەسەر ئەم هەواڵە بدەن کە هەردوو ڕۆژنامەی واشنتن پـۆست و واڵ ستریت جۆرناڵیش باسیان کردووە.

XS
SM
MD
LG