Accessibility links

وتاری سەرۆک ترامپ لە بارەی هێرشە موشەکیـیەکەی ئەمەریکا بۆ سەر فڕۆکەخانەکەی سوریا

  • VOA News

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ شەوی پـێنجشەممە وتارێکی کورتی پـێشکەشکرد، پاش ئەوەی فەرمانی بە لەشکری ئەمەریکا کرد گورزێکی موشەکی لەو فڕۆکەخانەیە لەشکریـیەی سوریا بوەشێنن کە لێوەی ئەو فڕۆکانە هەستابوون و هێرشی کیمیایـیان کردە سەر شاری خان شەیخون لە پاکوری ڕۆژئاوای سوریا.

دەقی وتارەکەی سەرۆک ترامپ:

"ڕۆژی سێشەممە دیکتاتۆری سوریا بەشار ئەسەد بە چەکی کیمیایی هێرشێـکی ترسناکی کردە سەر خەڵکی سیڤیلی بێ‌تاوان. بە بەکارهێنانی گازی کوشندەی دەمار. ئەسەد پـیاو و ژن و منداڵی بێ دەسەڵاتی خنکاند. مەرگێکی هێواش‌هێواشی دڕندانە بوو بۆ زۆربەیان. تەنانەت منداڵی جوان‌جوان بە شێوەیەکی دڕندانە لەو هێرشە ئێجگار بەربەریـیە کوژران. نابێت هیچ منداڵێکی یەزدان بەو شێوە بتۆقێنرێت.

ئەمشەو فەرمانم کرد گورزێکی لەشکری بدرێت لەو فڕۆکەخانەیەی سوریا کە لێوەی هێرشە کیمیایـیەکە دەسـتیپـێکرد. لە بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتمانیـیە، ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی و بەکارهێنانی چەکی کوشندەی کیمیایی بکات. هیچ گومانی لەسەر نیـیە سوریا چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە و بەپـێی پەیمانـنامەی چەکی کیمیایی بەڵێنەکانی شکاندووە و داواکانی ئەنجومەنی ئاسایشی پشـتگوێ خستووە.

ساڵانێکە هەوڵ بە دوای هەوڵ دەدرێن بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ئەسەد، بەڵام هەموویان یەک لە دوای یەک خراپتر شکستیان هێناوە. سەرئەنجام، قەیرانی پەنابەران هەتا دێت و قوڵتر دەبێتەوە و ناوچەکەش هەتا دێت و ناسەقامگیرتر دەبێت، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانانی.

ئەمشەو داوا لە هەموو وڵاتە پـێشکەوتووەکان دەکەم بێنە پاڵمانەوە تاوەکو هەوڵبدەین کۆتایی بەو خوێنڕشتن و قەسابخانەیەی سوریا بهێنین و هەروەها کۆتایی بە هەموو چەشن و جۆرەکانی تێرۆرزم بهێنین. داوا لە یەزادن دەکەین ژیریمان پـێببەخشێت لەم کاتەی ڕووبەڕووی کێشە و گرفتەکانی ئەم جیهانەمان دەبینەوە. نوێژ و نزا دەکەین بۆ بریندارەکان و ئەوانەی گیانیان لەسـتدا، وە هیوادارین لە کۆتایـیدا ئاشتی و تەبایی بێتە دی، هەتاکو ئەمەریکا لە پاڵ دادپەروەریدایە.

شەوێکی شاد و خودا ئەمەریکا و تەواوی جیهان بپارێزێت. سوپاس.

XS
SM
MD
LG