Accessibility links

ئەمەریکا یەکەیەکی تۆپـخانە و سەربازی زیاتر بۆ سوریا ڕەوانەدەکات


هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەراتی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش ئەو هەواڵانەی پشتڕاستکردەوە کە دەڵێن ئەمەریکا هێزی زیاتری بۆ سوریا ناردووە تاوەکو یارمەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بدەن لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری ڕەققە.

کۆلۆنێل جۆن دۆڕیان گوتەبێژی هاوپەیمانان ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕێگەی تەلەفونەوە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت ئەوان باس لە ناردنی نزیکەی 400 سەربازی دیکە دەکەن کە بۆ ماوەیەکی کاتی لەوێ دەبن، وە ئەم سەربازانە دەچنە پاڵ ئەو 500 سەربازەی لە ئێستادا لە سوریادان.

دۆڕیان جەختیکردەوە ئەو هێزانە ڕۆڵیان نابێت لە هێڵەکانی پێشەوەی بەرەی شەڕەکە و تەنیا پاڵپشتی هێزە خۆجێـیەکان دەکەن، ئەمەش مەبەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانێتی عەرەبی سوریایە. گوتیشی ئامانج لە ناردنی ئەم سەربازانە دابینکردنی هێزی تۆپخانەیە لەگەڵ خێراکردن لە شکستهێنان بە داعش لە ڕەققە.

باسی لەوەش کرد هەڵمەتی گەمارۆ و دابڕاندنی شاری ڕەققە "زۆر زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت" و لەوانەیە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا تەواوبێت و پاشان دەکرێت بڕیار بدرێت بۆ جوڵەکردن بەرەو ناوەوە.

بەپـێی ڕۆیتەرز هێزەکە لەم چەند ڕۆژی ڕابردوو گەیشتوونەتە سوریا و بریتیـیە لە یەکەیەکی تۆپـخانەی مارینز و سەربازانی هێزی تایبەت ناسراوە بە ئاڕمی ڕانجەرز (Army Rangers).

پێشتر ڕۆژنامەی واشنتن پـۆست هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی هێزەکە یەکەیەکی تۆپخانەی هاوتزەرزی جۆری M-777 لەگەڵدایە. ئەم تۆپە دەتوانێت لە یەک خولەکدا 5 گولـلە تۆپی 155 ملم هەڵبدات و زۆر بە وردی لە ئامانجەکەی بدات هەتا دوری 30 کیلۆمەتر.

XS
SM
MD
LG