Accessibility links

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پشـتڕاستی دەکاتەوە ئۆپەراسیۆنێـک لە دێر زوری سوریا ئەنجامدرابێت


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پشـتڕاستیکردەوە هێزێـکی تایبەتی ئەمەریکا بە هەلیکۆپـتەر لە ناوچەیەکی دێر زوری ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشتووەتەوە و ئۆپەراسیۆنێـکی ئەنجامداوە.

کاپـتن جێف دەیڤس بەرپـرسی ڕاگەیاندنی پنتاگۆن ئەمڕۆ دووشەممە بۆ میدیاکانی ڕاگەیاند هەواڵی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە ڕاستە و داعش لە هەر شوێنێـک بێت، ئەوا ئەمەریکا دەیکاتە ئامانج.

گوتیشی ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجام درا، بەڵام هیچ وردەکاری زیاتری لە بارەیەوە نەدا.

پـێشتر کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ کە پەیوەندی بە ژمارەیەکی زۆری چالاکوانان لە ناو سوریا هەیە، ڕایگەیاند پاشنیوەڕۆی یەکشەممە 4 هەلێکۆپتەر لە ناوچەی نێوان هەردوو گوندی ئەلکبر و جزرە لە ناوچە گوندیـیەکانی ڕۆژئاوای دێر زور نیشتوونەتەوە و سەرباز لێ دابەزیون و ژمارەیەکیان بە زمانی عەرەبیش لەگەڵ خەڵکی قسەیان کردووە و هاوکات دوو فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانی ناوچەکە سووڕاونەتەوە بۆ پارێزگاریکردنیان.

پاشان هێزەکە بۆسەیان لە ناوچەکە داناوە و ئۆتۆمبیلێـکی داعشیان کردووەتە ئامانج و هەموو سەرنشینەکانیـیان کوشتووە.

بەپـێی زانیاریـیەکانی کۆمەڵەکە ماوەی زیاتر لە کاژمێرێـک هێزەکە لە ناوچەکەدا بووە و بە لایەنی کەم 25 چەکداری داعشیان کوشتووە و ژمارەیەکیان دەسـتگیرکردووە.

بەڵام کاپـتن جێف دەیڤس ڕەتیکردەوە ئەوەندە چەکدارەی داعش لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژرابن.

XS
SM
MD
LG