Accessibility links

دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیار دەدات سەیری چەندان سکاڵا بکات لە دژی بانکی عەرەب


دادگای باڵای ئەمەریکا قایل بووە پـیاداچوونەوە بە سکاڵایەکی یاسایـیدا بکات کە تیایدا بانکی عەرەب تۆمەتباردەکرێت بە دابینکردنی پارە بۆ گروپە چەکدارەکانی هێرشیان لە ئیسرائیل و ناوچە فەڵەستینیـیەکان ئەنجامداوە.

دادوەرانی دادگاکە ئەمڕۆ دووشەممە ڕەزامەندیان دەربڕی گوێبیستی تانەی نزیکەی 6 هەزار کەس بن کە سکاڵاکانیان لە لایەن دادگایەکی خواروترەوە ڕەتکرابووەوە. ئەم هەزاران کەسە کەسی نزیکیان بەهۆی هێرشەکانەوە کوژراون یان خۆیان زیانیان پـێگەیشتووە، بەشێکیان ئەمەریکایی نین.

سکاڵاکان لە دژی بانکی عەرەبی بنکە لە ئوردن تۆمارکراون بەپێی یاسایەکی ئەمەریکا کە ڕێگە دەدات سکاڵا لەدژی هەر کەس و لایەنێکی دەرەکی تۆماربکرێت کە بە مەبەست پارەی بۆ تێرۆرزم دابینکردووە، وەکو تەقینەوەی خۆکوژی و جۆرەکانی دیکەی هێرش.

مێژووی یاساکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1789 ، دەڵێت ئەوانەی ڕەگەزنامەی ئەمەریکایـیان نیـیە دەتوانن سکاڵای یاسایی تۆماربکەن لە دادگاکانی ئەمەریکا سەبارەت بە پـێشێلکاریـیەکانی مافی مرۆڤ لە دەرەوە.

سکاڵاکاران دەخوازن بڕیارێکی سـاڵی 2015 ی دادگایەکی پـیاداچوونەوەی فیدراڵی لە نیویۆرک پوچەڵ بکرێتەوە کە گوتبوی ناتوانێت بۆ قەرەبووکردنەوە بڕیاری سزای دارایی لەسەر بانکەکە بسەپێنێت چونکە بانکێکی هاوبەشە.

کەسوکاری قوربانیان دەڵێن بانکی عەرەب لقەکانی لە نیویۆرک بەکارهێناوە بۆ دابینکردن و حەواڵەکردنی پارە بۆ تێرۆرستانی نێودەوڵەتی. دەشڵێن ئەو پارانە یارمەتی حەماسی فەڵەستینی و گروپی دیکەی داوە لە دابینکردنی پارە بۆ هێرشەکانیان و هەروەها پـێدانی پارە بە کەسوکاری ئەوانەی هێرشەکانیان ئەنجامدابوو لە نێوان ساڵانی 1995 و 2005.

کەسی سەرەکی سکاڵاکەی تۆمارکردووە ناوی جۆزیف جێسنەرە، ڕەگەزنامەی بەریتانی هەیە و ساڵی 2002 کوڕێکی تەمەن 19 ساڵی بەهۆی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە ناو پاسێکدا لە تەل ئەڤیڤ کوژرا.

بەڵام بانکەکە ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت حکومەتی ئەمەریکا بە هاوکارێکی باشی ناودێر دەکات لە هەوڵەکان بۆ ڕێگەگرتن لە دابینکردنی پارە بۆ تێرۆرزم.

XS
SM
MD
LG