Accessibility links

ئەمەریکا سیستمی بەرگری موشەکی جۆری THAAD لە کۆریای باشور دادەمەزرێنێت


کاربەدەستان لە فەرماندەیەتی ئەمەریکا لە پاسفیک دەڵێن لەشکری وڵاتەکەیان یەکەم بەشەکانی سیستمی بەرگری موشەکی جۆری تادیان (THAAD) لە کۆریای باشور دامەزراندووە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕەفتارە دوژمنکارانەکانی کۆریای باکور.

ئەدمیراڵ هاڕی هاڕس فەرماندەی فەرماندەیەتی ئەمەریکا لە پاسفیک وتی"بەردەوامبوونی کارە ئیستفزازیەکانی کۆریای باکور، لەوانە هەڵدانی چەند موشەکێک لە ڕۆژی ڕابردوو، بەسە بۆ ئەوەی ژیری ئەو بڕیارەی ساڵی ڕابردوومان بسەلمێنێت کە دابوومان بۆ دامەزراندنی سیستمی تاد لە کۆریای باشور."

هاڕس وتیشی بەشەکانی سیستمەکە لە ڕۆژی دووشەممەوە کار بۆ دامەزراندنی کراون، ئەمەش وەفاداری هاوپەیمانێتیەکەیە بۆ کۆریای باشور و هەروەها بۆ یارمەتیدانی بەرگری هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێمەکەدا و هاوپەیمانانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و نیشتمانی ئەمەریکا.

سیستمی تاد دروستکراوە بۆ خستنی موشەکی بالیستیکی مەودا کورت و مامناوەندی.

کۆریای باکور ڕۆژی دووشەممە 4 موشەکی بالیستیکی مامناوەندی هەڵدا، 3 لەو موشەکانە نزیکەی 1000 کیلۆمەتریان بڕی و لە ئاوەکانی ژاپۆن کەوتنە خوارێ.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا هەڵدانی ئەو موشەکانەی بە "هەڕەشەیەکی زۆر گەورە" ناوبرد.

کاپتنی هێزی دەریایی جێف دەیڤس وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی هەرچەندە موشەکەکان هەڕەشەیان بۆ سەر باکوری ئەمەریکا دروست نەکرد، بەڵام ئەمەریکا ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ بەهێزکردنی تواناکانی خۆی بۆ بەرگریکردن لە دژی هەڵدانی موشەک.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG