Accessibility links

دانیشتوانی لایەکی ئەمەریکا خۆیان بۆ بەفربارینێـکی بێ وێنە ئامادەدەکەن


ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا خۆیان بۆ کڕێوەیەکی بەفری بێ وێنە ئامادە دەکەن کە وەکو شارەزایان پـێشـبینی دەکەن نزیکەی 60 سانتیمەتر بەفر ببارێت.

دەزگای کەشناسی ئەمەریکا دەڵێت بەفربارینەکە لە پاشنیوەڕۆی هەینیـیەوە دەسـتپێـدەکات و هەتا شەوی شەممە بەردەوام دەبێت و لەگەڵیدا بایەکی بەهێز دەبێت کە ڕەنگە خێرایـیەکەی لە هەندێـک ناوچە بگاتە 90 کیلۆمەتر لە کاژمێرێکدا.

دەشڵێن لە نزیکەی 15 ویلایەت پلەکانی گەرما زۆر دێنە خوارێ و کاریگەریان دەبێت بەسەر نزیکەی 70 ملیۆن کەسی دانیشـتوانی ئەو ویلایەتانە.

بەفرەکە واشنتنی پایتەختیش دەگرێتەوە و ڕەنگە بەفرێـکی وەهای لێ ببارێت کە نزیکەی سەدەیەک بێت ڕووی نەدابێت. هەروەها خێرایی باکەش لە پایتەخت مەزەندە دەکرێت بگاتە 40 کیلۆمەتر لە کاژمێرێکدا. دەڵێن سـاڵی 1922 بەفرێک لە واشنتن باریوە کە لە زۆر شوێندا هەتا 66 سانتیمەتر بەرزبووبۆوە.

زانکۆ و خوێندنگاکان و زۆربەی دامودەزگاکانی حکومەت لەو ویلایەتانە داخراون و گەشتە ئاسمانیـیەکان لە فڕۆکەخانەکان ڕاگیراون، بەڵام دەزگاکانی خزمەتگوزاری لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ پاکردنەوەی ڕێگەوبانەکان و هەر ئەگەرێـکی نەخوازراو.

XS
SM
MD
LG