Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەگاتە مۆسکۆ و شیانی هەماهەنگی لەشکری لە سوریا هەیە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتووەتە پایتەختی ڕووسیا لە چوارچێوەی سەردانێـکی فەرمی دوو ڕۆژی بە مەبەستی وتووێژکردن لەگەڵ سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەبارەت بە کێشە نێودەوڵەتیـیەکان.

جان کێری ئەمڕۆ پـێنجشەممە گەیشتە مۆسکۆ و بڕیارە لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا و سێرگێ لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە کۆبـبتەوە و کۆمەڵێـک کێشەی نێودەوڵەتی تاووتوێ بکەن، لەوانە قەیرانی سوریا و ناکۆکی ئۆکرانیا و کۆمەڵێـک بابەتی دیکەی نێوان هەردوو وڵات.

هاوکات ئەمڕۆ ڕۆژنامەی واشنتن پـۆست بڵاویکردەوە کە کاربەدەستێـکی گەورەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتویەتی جان کێری لە میانەی ئەم سەردانەی پـێشنیار بۆ کاربەدەسـتانی ڕووسیا دەکات هاوکاری لەشکری و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری لە نێوانیاندا زیاتربکەن بە مەبەستی لێدانی داعش و قاعیدە لە سوریا. هەروەها تاووتوێی هەوڵەکان دەکەن بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی لەو وڵاتە و چۆنیەتی کارئاسانی بۆ گەیاندنی کۆمەک و یارمەتی مرۆیی و پاشان هەنگاونان بەرەو پـرۆسەی گواستنەوەی سیاسی.

بەپـێی ڕۆژنامەکە جان کێری داواش لە لایەنی ڕووسیایی دەکات بە لانی کەم ڕۆژانە زانیاری ئاڵوگۆڕبکەن سەبارەت بەو هێرشە ئاسمانیـیانەی فڕۆکە جەنگیـیەکانی هەردوو وڵات لە سوریا ئەنجامی دەدەن.

جان کێری لای خۆیەوە ئامادە نەبوو وەڵامی ڕۆژنامەوانان بداتەوە لە بارەی ئەمەی واشنتن پـۆست بڵاویکردووەتەوە و گوتی" نامەوێت لە ئێسـتادا لێدوان بدەم. من لە ڕێگەدام بەرەو مۆسکۆ و ئەمشەو لەگەڵ پـوتن کۆدەبمەوە."

لە مۆسکۆش، دیمیتری پـێسـکۆڤ گوتەبێژی سەرۆکایەتی ڕووسیا، ئەویش ئامادە نەبوو لەم بارەیەوە لێدوان بدات و گوتی وڵاتەکەی دەتوانێت تاووتوێژی بابەتەکە بکات کاتێـک لە سەرچاوەکەیەوە پـێی دەگات نەک لە ڕێگەی ڕۆژنامەیەکەوە.

کۆشـکی سـپـیش جەختی لەوە کرد هەتا ئێسـتا لە سوریا هێچ هەماهەنگیـیەکی لەشکری لەگەڵ ڕووسیا نیـیە.

جۆش ئێرنست گوتەبێژی کۆشـکی سـپی ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتیشی دەزانن کەمێـک شیانی هەیە بە ڕێکەوتنێـک بۆ ئەم مەبەستە بگەن، بەڵام هێشتا ڕوون نیـیە ئایا ئەوە دەبێت یان نا.

XS
SM
MD
LG