Accessibility links

هەرسی کەسایەتیـیە کۆماریـیەکەی خوازیاری سەرۆکایەتی ئەمەریکان بە توندی لەگەڵ لەناوبردنی داعشن


هەرسێ کەسایەتیـیە کۆماریـیەکەی ماونەتەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، کۆکن لەسەر شکستهێنان بە داعش و کۆتایی هێنان بە هەڕەشەکانی ئەم گروپە.

دوێنێ سێشەممە کەناڵی CNN لە ویلایەتی ویسکۆنسن کە هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردنی بەرایی لێ ئەنجام دەدرێت، سێ کۆڕی جودای سازکرد بۆ هەر یەک لە ملیاردێر دۆناڵد ترەمپ و سیناتۆر تێد کروز و جۆن کەیسک فەرمانڕەوای ویلایەتی ئۆهایۆ.

دۆناڵد ترەمپ کە هەتا ئێسـتا زۆرترین پـشتیوانی بەدەسـتهێناوە لە نێو کۆماریـیەکاندا، لە کۆڕەکەی گوتی "هیچ بژارەیەکی دیکەمان نیـیە، دەبێت بە خێرایی و بە توندی داعش لەسەر ڕووی زەوی بسڕینەوە."

تێد کروزیش کە لە پاش ترەمپە، گوتی " دەبێت ئەمەریکا یەکەم شت هێزی ئاسمانی بە شێوەیەکی توند بەکاربهێنێت و ئینجا هێزە کوردیـیەکان پـڕچەک بکات تاوەکو شەڕی داعش بکەن. پاشان بڕیار بدرێت ئایا هێزی تایبەت یان هێزی زەمینی بەکاربهێنرێت."

سیناتۆر کروز ڕەخنەشی لە سەرۆک ئۆباما گرت کە دەڵێت هێزی ئەمەریکی بۆ دەرەوەی وڵات ڕەوانە ناکات.

جۆن کەیسک لەگەڵ ئەوەدا بوو بە ڕێگەی هاوپەیمانیـیەکەوە کە تیایدا وڵاتانی کەنداو بەشداری زیاتریان هەبێت، داعش لەناوببرێت. گوتیشی دەبێت هەڵمەتە لەشکریـیەکە لە ئاسمان و زەویـیەوە بکرێت و پاش تەواوبوونی ئەرکەکە دەبێت هێزەکان بگەڕێنەوە وڵات.

سەبارەت بە مەترسیـیەکان لە ڕوودانی کاری تێرۆرستی لە ئەمەریکا، ترەمپ جارێکی دیکە داوایکرد بە شێوەیەکی کاتی ڕێگە نەدرێت موسڵمانان بێن بۆ ئەمەریکا. گوتی کێشەکە ئیسلامی ڕادیکاڵە کە لە داعش و گروپی دیکە خۆیان دەنوێنن. باسی لەوەش کرد بە هەزاران سوری هاتوونەتە ئەمەریکا بەبێ ئەوەی دەزگا بەرپـرسەکان هیچ شتێک لە بارەی ڕابردوویانەوە بزانن.

بەڵام گوتیشی متمانە بە زۆرێـک لە موسڵمانان دەکات و تەنیا کەمیان جێی بڕوا نین.

جۆن کەیسک ئەویش تێڕوانینی خۆی لە بارەی موسڵمان و شەڕی گروپە تێرۆرستیـیەکان ڕاگەیاند. لە کۆڕەکەیدا ڕەخنەی لە پـێشنیارێـکی پـێشووی تێد کروز گرت کە گوتبووی بۆ ڕیشەکێشکردنی تێرۆر دەبێت پـۆلیس بە گەڕەک و ئەو شوێنانە بەگەڕێت کە موسڵمانانی لێـیە.

گوتی خەڵکی لە هەموو دنیا دەزانن کە دەبێت ئەم هەڕەشەیە نەمێنێت و لەناوببرێت، بۆیە دەبێت وەکو جیهان پـێکەوە کاربکەین. تەقینەوەکەی ئەم دوایـیەی پاکستانیشی بە نمونە هێنایەوە، ئەوەی تیایدا بە دەیان ژن و منداڵ گیانیان لەدەسـتدا.

حەیدەر کەریم لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ڕاپـۆرتێـکی لەم بارەیەوە ئامادەکردووە

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:47 0:00

XS
SM
MD
LG