Accessibility links

کۆشـکی سـپی: ئەمەریکا بە نیازە ساڵی داهاتوو 110 هەزار پەنابەر وەربگرێت


کۆشـکی سـپی پـلانێـکی ئاشکراکرد بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەو پەنابەرانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵی داهاتوودا بەنیازە وەریانبگرێت، ئەمەش لە کاتێـکدا مشتومڕێکی گەرم لە نێو وڵاتەکەدا هەیە سەبارەت بە ژمارەی ئەو پەنابەر و کۆچبەرانەی ئەمەریکا دەتوانێت لەخۆی بگرێت.

هەفتەیەک بەر لەو کۆنگرەیەی بڕیارە نەتەوە یەکگرتووەکان سازیبکات بۆ تاووتوێکردنی قەیرانی پەنابەران لە جیهاندا، جۆش ئێرنست گوتەبێژی کۆشـکی سـپی گوتی لە بەرنامەدا دایانـناوە بە ڕێژەی 30% ژمارەی زیاتری پەنابەران وەربگرن کە دەکاتە 110 هەزار پەنابەر، لەوانە 40 هەزاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشوری ئاسیا.

بەم پـێـیە سوریاش دەگرێتەوە کە بەهۆی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە لەوەتای ساڵی 2011 نزیکەی 5 ملیۆن سوری لە وڵاتەکەیان هەڵاتوون.

پـێشتر ئەمەریکا ڕایگەیاند پابەندە بە وەرگرتنی 10 هەزار ئاوارەی سوری لە ماوەی ئەمساڵدا، ئەمەش بووەتە بابەتێـکی گەرمی مشتومڕ لەسەر لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا.

هاوکات جۆش ئێرنست جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ ئەوەی ئەمەریکا بەنیازە پەنابەری زیاتر وەربگرێت، هیچ چاوپـۆشی لە مەسەلە ئاسایشیـیەکان ناکات.

گوتی" لێرەدا ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ‌بکەین، ئەوانەی بەم بەرنامەیە دێنە ناو ئەمەریکاوە، زۆر بە وردی لە ڕابردوویان دەکۆڵرێتەوە بە شێوەیەک زیاتر لە هەموو کەسێـک کە پـێشـتر بۆ وڵاتەکە هاتبێت.

گوتیشی سەرۆک ئۆباما ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکای لە هەموو شتێـک زیاتر لەلای گرنگە، بۆیە کارێـکی ڕاستە لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بکرێت کە داوای مافی پەنابەری لە ئەمەریکا دەکەن.

جێی ئاماژەیە لە 19 ی ئەم مانگی نۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆنگرەی یەکەمی خۆی لە بارەی پەنابەر و کۆچبەران سازدەکات.

XS
SM
MD
LG