Accessibility links

پاپا داوا لە سیاسیـیەکان دەکات کار بۆ بەرژەوەندی خەڵک بکەن نەک بۆخۆیان


پاپا فڕەنسیس وتارەکەی لە کۆنگرێسی ئەمەریکا پـێشکەشکرد و تیایدا داوای لەو کەسانە کرد کە خاوەن بڕیارن بەرژەوەندی گشـتی بخەنە سەروو بەرژەوەندیـیە تایبەتەکانی خۆیان. گوتی دەبێت سیاسیـیەکان لە کارەکانیاندا سەنگی بخەنە سەر پاراستنی شکۆمەندی خەڵکی و پـێشکەشکردنی یارمەتی بۆ هەژاران و بەدیهێنانی پـێشـکەوتوویی بۆ تەواوی خەڵکی.

پاپا فڕەنسیس لەم وتارەی ئەمڕۆ پـێـنجشەممە لە بەردەم هەموو ئەندامانی کۆنگرێس گوتیشی " دەبێت ڕێز لە جیاوازیـیەکانمان بگرین و بەو شێوەیە مامەڵە بکەین کە ویژدانمان پێی ئاسودە دەبێت."

پاشان گوتی " هەموومان باش دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی جیهانی ئەمڕۆ دەزانین و زۆریش لە بارەیانەوە نیگەرانین. جیهان هەتا دێت و زیاتر دەبێتە جیگایەک بۆ ناکۆکی توندوتیژ و ڕق و کینە و کاری دڕندانە بە ناوی خودا و ئاینەوە." گوتیشی" هیچ ئاینێـک نیـیە دوربێت لە بیروباوەڕی توندڕەوی، بۆیە دەبێت وریابین لە بەرامبەر هەموو شێوازەکانی توندڕەوی."

ئەم ڕێبەرە ئاینـیە مەزنەی جیهان هەروەها گوتی" پـێویستە هاوسەنگیـیەکی ورد بکرێت لە نێوان نەهێشتنی ئەو توندوتیژیـیانەی بە ناوی ئاین یان بیروباوەڕ و یانیش سیستەمی ئابوری دەکرێن لەگەڵ پاراستنی ئازادیـیە ئاینی و هزری و تاکە کەسیـیەکاندا."

جەختی لەوەش کرد کە نابێت کاردانەوە بەرامبەر توندوتیژی و کارە ڕق و کینە ئامێزەکانی زۆرداران و مرۆڤ کوژان، بە هەمان شێوەی ئەوان بێت، بەڵکو دەبێت بە چاندنی هیوا و بەدیهێنانی ئاشتی و دادپەروەری بکرێت.

هەروەها ئەم ڕێبەرەی کرستیانە کاسۆلیکەکانی جیهان ئاماژەی بۆ مێژووی ئەمەریکاش کرد کە چۆن هەموو پێـکهاتەی هەموو ئاینە جیاوازەکان کاریان کردووە بۆ بونیادنانی وڵاتەکە و پـێشـخسـتنی کۆمەڵگە. جەختی لەسەر ئەوەش کرد ئەم هاوکاریـیە دەبێت بەردەوامبێت.

پاشان باسی لە قەیرانی پەنابەران کرد و گوتی" لەوەتای شەڕی جیهانیـیەوە قەیرانی وەهای پەنابەران ڕووی نەداوە، ئەمەش دەمانخاتە بەردەم کۆمەڵێـک بڕیاری قورس." داواشیکرد بەو پەندە کاربکرێت کە دەڵێت "هەر وەک چۆن دەتەوێت مامەڵە بکرێت بە هەمان شێوەش مامەڵەی خەڵکی بکە" . گوتی پـێویستە بە شێوەیەکی مرۆیی مامەڵە لەگەڵ کۆچبەر و پەنابەران بکرێت.

XS
SM
MD
LG