باڵیۆزی پـێشـووی ئه‌مه‌ریکا بۆ چین جۆن هه‌نتسمه‌ن له پـێشـبڕکێی کاندیدکانی کۆماری بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی هاته ده‌رێ و لایه‌نگیری خۆی بۆ مت ڕامنی فه‌رمانداری پـێشـووی ماسه‌چوستس ده‌ربڕی، ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێسـتا له پـێشـه‌نگدایه.
هه‌نتسمه‌ن سه‌رقاڵی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بوو له سـتانی ساوث کارۆلینا که بڕیاره له‌وێ ڕۆژی شه‌ممه کۆماریـیه‌کان هه‌ڵبژاردنێـک ئه‌نجام بده‌ن له چوارچێوه‌ی پـرۆسه‌که‌یان بۆ ده‌سـتنیشـانکردنی کاندیدی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی له مانگی یازده‌دا. به‌ڵام ڕاپـرسیـیه گشـتیـیه‌کانی به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌که نیشـانیان دا جه‌ماوه‌رێتی هه‌نتسمه‌ن که‌مه، هه‌ر بۆیه ئه‌ویش ڕۆژی دووشه‌ممه بڕیاری دا له پـێشـبڕکێـکه بێته ده‌رێ.
هه‌نتسمه‌ن که بۆخۆشی فه‌رمانداری پـێشـووی یوتا بوو، گوتی هه‌رچه‌نده ئه‌و له‌گه‌ڵ مت ڕامنی جیاوازیان هه‌یه، به‌ڵام باشترین کاندیدی کۆماریـیه که ڕووبه‌ڕووی ئۆباما بـبێته‌وه.
شایه‌نی باسه چه‌ند ڕۆژێـک له‌مه‌وبه‌ر هه‌نتسمه‌ن ڕه‌خنه‌ی له ڕامنی گرت له‌سه‌ر کاره‌کانی کاتێـک سه‌رۆکی به‌ین کاپـیته‌ڵ بوو.