Accessibility links

باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیا داوا لە پەکەکە دەکات واز لە توندوتیژی بهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسیـیەکانی

  • VOA News

باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیا داوا لە پارتی کرێکارانی کوردسـتان دەکات چەکەکانی دابنێت و بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسیـیەکانی واز لە ڕێی توندوتیژی بهێنێت.

جۆن باس ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ئەنکەرە بە کۆمەڵێـک ڕۆژنامەوانی گوت " ئێمە بەردەوام‌دەبین لە ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی توندوتیژی وەکو هەوڵێـک بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسیـیەکان. هەر وەک چۆن پـێشتر و لە ئێسـتاشدا ئەم داوایەمان کردووە و دووبارە دەیکەینەوە، داوا لە پەکەکە دەکەین هەڵمەتی توندوتیژی ڕابگرێت و چەک دابنێت تاوەکو هەلێـک بڕەخسێت بۆ ئەنجامدانی وتووێژێـکی شەرعی بە شێوەیەک کە خەڵکی ئەم وڵاتە پـێـیان قبوڵ بێت و تیایدا باس لە کێشە و سکاڵاکان بکرێن، ئەوانەی بوونەتە مایەی توندوتیژیـیەکە."

پاشان باڵیۆز جۆن باس سەرسامی خۆی نیشاندا لە بەرامبەر هەندێـک لە میدیاکانی تورکیا کە سەرۆک ئۆبامایان بە "دووڕوو" ناوبردبوو لەسەر لێدوانەکانی لە بارەی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە تورکیا کە ڕێک پاش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دابوونی.

باس لەم بارەیەوە گوتی ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ڕەچاوی جیاوازی نێوان سیستەمی سیاسی هەردوو وڵات نەکراوە سەبارەت بە داکۆکی لە ئازادی ڕادەربڕین.

جێی ئاماژەیە ئەردۆغان خۆیشی مەخابنی خۆی دەربڕیبوو لە گوتەکانی سەرۆک ئۆباما کە تیایاندا نیگەرانی خۆی دەربڕیبوو لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری لە تورکیا.

XS
SM
MD
LG